فێرگەی تۆپی سەرمێزی پێشمەرگە ئامادەکارییەکانیان دەستپێکرد
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
فێرگەی تۆپی سەرمێزی پێشمەرگەی سلێمانی دەستیان بە مەشق و راهێنان کردەوە.
لەگەڵ تەواوبوونی ساڵی خوێندنی 2022 – 2023 و هاتنی وەرزی هاوین، فێرگەی تێنسی سەرمێزی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی دەستیان بە مەشق و راهێنانەکان کردەوە.
هەردی ئەحمەد، راهێنەری فێرگەی یانەی پێشمەرگە بە 964ـی راگەیاند، لەگەڵ دامەرزاندنی یانەی پێشمەرگە فێرگەی تێنسی سەرمێزیش دامەزراوە و ساڵانە توانیویەتی چەند یاریزانێکی لێهاتوو بۆ تیپەکانی یانەکە پێبگەیەنێت، کە بوونەتە سەرقافڵەی هەڵبژاردەی عێراق.
وتیشی، ساڵانە لەگەڵ کۆتایی هاتنی وەرزی خوێندن، فێرگەکەیان دەست بە چالاکییەکانی دەکات و فێرخواز و ئارەزومەندانی تێنس وەردەگرن، ئەویش دوای هەڵسەنگاندنی حەز و ئارەزویان بۆ یارییەکە و هەروەها تاقی کردنەوەی ئاست و توانایان.
فێرگەی تێنسی سەرمێزی یانەی پێشمەرگە لە ساڵی 1999ـوە دامەزراوە و لە مێژووی تەمەنیشیدا چەندین یاریزانی ئاست بەرزی پێگەیاندووە کە نوێنەرایەتی یانەکە و هەڵبژاردەی عێراقیان کردووە لە خول و پاڵەوانێتیەکانی سەر ئاستی ووڵاتانی عەرەب و ئاسیا.
لە نمونەی بەشێک لەو یاریزانانەش، کاروان ئازاد، بەشدار سەربەست، مەبەست رەوف، بەڵێن سەڵاح و باساک عەلی، لە ئێستاشدا سێ یاریزانی ئەم یانەیە لە ئاستی تەمەنە جیاوازەکان لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق یاری دەکەن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی