دیمەنێک لە یاری نێوان دهۆک و نەورۆز- وینە: 964+
لە خولی نایابی عێراق
نەورۆز تۆڵەی شکستەکەی لە دهۆک کردەوە
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
یانەی نەورۆز، تۆڵەی شکستی یاری چوونی لە دهۆک کردەوە و یاریەکەشی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە.
لە گەڕی 31ـی خولی نایابی عێراق، یانەی نەورۆز لەسەر یاریگای سلێمانی میوانداری یانەی دهۆکی کرد.
گێمی یەکەمی یاریەکە یاریزانانی هەردوولا یارییەکی ئاستێکی بەرزیان پێشکەشکرد، بەڵام دهۆک لە تۆمارکردنی گۆڵ دەستپێشخەر بوو.
لە خولەکی 32ـی یارییەکەدا، یانەی دهۆک لە رێگەی یاریزان ژیار گۆڤەند، گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد.
دوای گۆڵەکە، یاریزانانی نەورۆز کۆنتڕۆڵی یارییەکەیان کرد و چەند هێرشێکیان ئەنجامدا تاوەکو لە خولەکی 41ـی یارییەکە لە رێگای یاریزان رێوان تێلیسی بەرازیلی گۆڵی بەرامبەری تۆمارکرد و گێمی یەکەمیش بەو ئەنجامە کۆتایی هات.
لە گێمی دووەمی یارییەکە، هەر لە سەرەتاوە پلانی وەلی کەریم، راهێنەری نەورۆز، بۆ ئەوەبوو زوو گۆڵی دووەم تۆمار بکەن، بە پێچەوانەوە یاریزانانی دهۆک پشتیان بە هێرشی پێچەوانە دەبەست.
لە خولەکی 62ـی یارییەکەدا، ناوبژیوان فیکەی پەناڵتی بۆ یانەی نەورۆز لێدا، یاریزان ئۆکیکی ئەفولابی نەیجیری سەرکەوتوانە لێدانەکەی جێبەجێکرد و گۆڵی دووەمی یانەکەی و پێشکەوتنی تۆمارکرد.
لە کۆتا خولەکانی یارییەکەدا، بەهۆی توندوتیژییەوە ناوبژیوان یاریزان زەید ئیسماعیل، یاریزانی یانەی نەورۆزی بە کارتی سوور کردە دەرەوە و یارییەکەش بە دوو گۆڵ بەرامبەربە گۆڵێک لە سوودی نەورۆز کۆتایی هات.
بەم سەرکەوتنە، یانەکەی شاری سلێمانی کۆی خاڵەکانی گەیاندە 41 خاڵ و بەشێوەیەکی کاتی سەرکەوتە پلەی 12 ریزبەندی، یانەی دهۆکیش بەم شکستە بە کۆی 45 خاڵ لە پلەی شەشەم مایەوە.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق