لە ئێستاوە ئامادەکاری دەکەن
چەمچەماڵ پایز بە فێستیڤاڵ دەستپێدەکات
+964
هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ
قەزای چەمچەماڵ یەکەم رۆژی وەرزی پایزی ئەمساڵ بە فێستیڤاڵ دەست پێدەکات و لە ئێستاشەوە ئامادەکاری بۆ دەکات.
دوای کۆبوونەوەی هونەرمەندان، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی و رۆشنبیری چەمچەماڵ لە قایمقامیەتی چەمچەماڵ بە سەرپەرشتی قایمقام، بڕیاردرا یەکەم رۆژی وەرزی پایز بە فێستیڤاڵ دەست پێبکەن.
پێنجەمین فێستیڤاڵی شانۆگەری قەزاکان، تایبەتە بە قەزای چەمچەماڵ، بۆیەکەم جار لەساڵی 2011 بەڕێوەچوو، وابڕیارە ئەم ساڵیش بە بەشداری 10 تیپی شانۆیی چەند قەزایەک بەڕێوەبچێت.
لەم ڤیستیڤاڵەدا تەنیا تیپی شانۆکارانی هەرێمی کوردستان بەشداردەبن، تیپەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ناتوانن بەشداربن، بەهۆی تەرخانکردنی برەپارەیەکی کەم بۆ ئەم ڤیستیڤاڵە، تەنیا دەتوانن وەک میوان ئامادەبن.
لە فێستیڤاڵەکەدا جگە لە نمایشی شانۆیی، وابڕیارە چەندین دیبەیت و سیمینار و کۆڕی رەخنەیی لەسەر شانۆ بەڕێوەبچێت.
بەختیار شەریف، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری چەمچەماڵ بە 964ـی وت، لە ئێستاوە دەست بە ئامادەکاری دەکرێت و لەچەند رۆژی ئایندە لیژنەیەک پێکدەهێنرێت بە بەشداری ئەندامێکی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری چەمچەماڵ، لەگەڵ نوێنەری شانۆکارانی چەمچەماڵ، هەروەها لەگەڵ نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی یان هەولێر
وتیشی، ئەم سێ ئەندامە دەبێت شارەزایی تەواویان لەهونەری شانۆ هەبێت و خۆیان هونەرمەندبن، رۆژانی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە 21، 22،و 23 مانگی نۆی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت.
باسی لەوەشکرد، شوێنی گونجاومان بۆ میوانان دیاری کردووە و قایمقامی چەمچەماڵ بڕیاری داوە لەگەڵ خاوەنداریەتیەکەی قسەبکات، چونکە لە قەزای چەمچەماڵ هیچ هۆتێل و میوانخانیەک بوونی نیە”
قەزای چەمچەماڵ چوار تیپی شانۆیی و سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان لقی چەمچەماڵ و کۆمەڵەی هونەرەجوانەکانی چەمچەماڵی لێیە، خزمەت و ئەزمونی باشیان کردووە لە بواری شانۆدا
پێداچوونەوە: توانا نەقی