راشد غەنووشى، به‌تۆمه‌تی ناردنی “چه‌كدارانی توندڕه‌و” بۆ عێراق و سوریا دادگایی ده‌كرێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هەولێر

له‌ تونس دادگاى تایبه‌ت به‌ دژه‌تیرۆر له‌سه‌ر دۆسییه‌ى (ناردنى چه‌كدارانى توندڕه‌و)، لێكۆڵینه‌وه‌كانى دەستپێکرد به‌رامبه‌ر راشد غه‌نوشی سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌هزه‌ و سه‌رۆكی پێشووترى په‌رله‌مانی تونس.

موختار جامعی پارێزه‌ری سه‌رۆكی بزوتنه‌وه‌ی نه‌هزه‌ی تونسی دوێنێ (دووشه‌ممه‌ ٢٨ی تشرینى دووه‌م) له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردووەته‌وه‌ ده‌ڵێت، “دوای ئه‌وه‌ی دۆسییه‌كه‌ی له‌ ٢١ی ئه‌یلولی ئه‌مساڵ دواخرا، ئه‌مڕۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ راشد غه‌نوشی كراوه‌”.

له‌ مانگی ئه‌یلولی رابردووشدا، ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری تونس لێكۆڵینه‌وه‌كانی له‌ راشد غه‌نوشی بۆ ٢٨ تشرینی دووه‌م دواخست، كه‌ ناسراوترین دۆسیه‌ی ناردنی تونسییه‌كان “بۆ ناوچه‌ گه‌رمه‌كانی گرژیی” له‌ سوریا و عێراق بوو، زیاتریش به‌ ناردنی چه‌كدارانی توندڕه‌و باسده‌كرێت.

لێكۆڵینه‌وه‌كان دوای سكاڵایه‌كی فاتیمه‌ مه‌سه‌دی جێگری پێشووی بزوتنه‌وه‌ی نه‌هزه‌ دێن كه‌ له‌ كانوونی یه‌كه‌می ساڵی رابردوودا، كه‌ چه‌ند ئه‌ندامێكی بزوتنه‌وه‌كه‌شی تێدایه‌ له‌نێویاندا حه‌بیب ئه‌لوزی سه‌رۆكی پێشوتری نه‌هزه‌.

له‌ مانگی حوزه‌یرانی رابردوودا، ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی تونس به‌ فه‌رمی ٣٣ كه‌سی تۆمه‌تباركرد به‌ كاركردن له‌گه‌ڵ رێكخراوێكی تیرۆریستی، له‌نێویاندا راشد غه‌نوشی و حه‌مه‌دی جه‌بالی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوی تونسیان تێدابوو، هه‌روه‌ها فه‌رمانیكرد به ‌ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی سه‌روه‌ت و سامانی دارایی و هه‌ژماره‌ بانكیه‌كانیان.

له‌ رۆژی ٢٧ی حوزه‌یرانى ئه‌مساڵیش، ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری تونس به‌ بڕیارێك‌ گه‌شتكردنی له‌ راشد غه‌نوشی قه‌ده‌غه‌كرد، ئه‌مه‌ش هەر له‌ چوارچێوه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كانی دێت.

راشد غه‌نوشی، ته‌مه‌ن ٨١ ساڵ، له‌ ١٣ی تشرینی دووه‌‌می ٢٠١٩ه‌وه‌ تاوه‌كو ٣٠ی ئازاری ٢٠٢٢ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی تونس بووه‌.