گەورەترین چالاکی هونەری بەرگری لە سلێمانی ئەنجامدەدرێت
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
لەمانگی ئابی ئەمساڵدا، شاری سلێمانی باوەشی دەکاتەوە بۆ گەورەترین پاڵەوانیەتی هونەرە بەرگرییەکان.
سولی فێستیڤاڵ بۆ یاری هونەرە بەرگرییەکان، یەکێک لە گەورەترین پاڵەوانیەتی هونەری بەرگری لە شاری سلێمانی ئەنجامدەدات.
پاڵەوانیەتییەکە، ناوەندی وەرزشی کوردستان ئەنجامیدەدات، دوای گرێبەستی لەگەڵ رێکخراوی بۆدۆی نێودەوڵەتی.
هیمداد عەلی، سەرۆکی رێکخراوی ناوەندی وەرزشی کوردستان لەبارەی فێستیڤاڵەکە قسەی بۆ تۆری 964 کردووە و دەڵێت: مانگی تەمووزی پارساڵ لەگەڵ ئەم رێکخراوە گفتوگۆمان کرد و توانیمان ئەم پاڵەوانیەتییە لە شاری سلێمانی رێکبخەین.
لە پاڵەوانیەتییەکەدا 200 یاریزان لەسەر هەردوو ئاستی سەرەتایی و پڕۆفێشناڵ لە هەشت وڵات بەشدار دەبن.
هیمداد عەلی دەشڵێت: تا ئێستا لە عێراق پاڵەوانیەتییەکی گەورە بەو ئاستە ئەنجام نەدراوە.
زیاتر وتیشی “بۆ ئەمساڵیش گرێبەستێکی نوێ لەگەڵ رێکخراوی بۆدۆ واژوو دەکەین بۆ ئەوەی بۆ جاری دووەم هەمان پاڵەوانیەتی ئەنجام بدەینەوە، بۆ پاڵەوانیەتییەکەی ئەمساڵیش بڕیارە تازەپێگەیشتوانیش بەشداربن”.
پاڵەوانیەتی سولی فێستیڤاڵ، هەریەک لە یارییەکانی کۆنگفو ساندا، کیک بۆکسینگ، بۆکسینگ، کیوکۆشین، شۆتۆکان، گراپلین، نینجا، کاتا، کاتای موزیکال، کاتای چەکی سەرەتایی و ئێم ئێم ئەی لەخۆ دەگرێت.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق