جوتیارانی شارەزوور و گەرمیان ناڕەزایەتییەکانیان دەگەیەننە بەغدا
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
بڕیارێکی وەزارەتی بازرگانی عێراق جوتیارانی شارەزوور و گەرمیان توڕە دەکات و ملی رێگەیان گرت و چوونە بەغدا، دەڵێن لە بەردەم وەزارەت ناڕەزایەتییەکانمان دەگەیەنین.
10 جوتیاری شارەزوور و سەیدساق بە نوێنەرایەتی جوتیارانی دەڤەرەکانیان لەسەر بڕیارەکەی وەزارەتی بازرگانی عێراق لە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دەچنە بەغدا و بڕیاریانداوە ناڕەزایەتی بگەیەننە هەردوو وەزارەتی بازرگانی و جوتیاران.
ئەو جوتیارانە ئەمرۆ یەکشەممە 28.5.2023 لە شارەزوور و سەیدسادق چوون بۆ بەغدا هێشتا بە رێگاوەن.
بەپێی پلانی وەزارەتی بازرگانی عێراق بێت بڕیاردراوە سێ ملیۆن تۆن گەنم لە جوتیاران وەربگیردرێت، لەو بڕەش 375 هەزار تۆن پشکی هەرێم دەبێت کە 160 ھەزار تۆن لە جوتیارانی سنوری پارێزگای سلێمانی و 115 تۆن لە ھەولێر و 100 ھەزار تۆنیش لە دھۆک.
ئەوەی وایکردووە جوتیارانی شارەزوور و سەیدسادق ناڕەزایەتی بگەیەننە بەغدا ئەو بڕە گەنمەیە کە لە هەر دۆنمێک زەوی چێندراو لێیان وەردەگیردرێت کە تەنیا 89 کیلۆیە.
دەچینە بەردەم وەزارەتی بازرگانی و کشتوکاڵی حکومەتی عێراق و داوای زیادکردنی بڕی وەرگرتنی گەنم دەکەین
لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، بۆ هەر دۆنمێک لە سەیدسادق و شارەزوور و بەرزنجە 89 کیلۆ، ھەڵەبجە 268 کیلۆ، دەربەندیخان 110کیلۆ، گەرمیان 198 کیلۆ، ناڵپارێز و پێنجوێن 69 کیلۆ، لە ھەریەک لە ناوچەکانی دوکان، پیرەمەگرون، خدران، تانجەرۆ، بەکرەجۆ، ماوەت و شارباژێر 89 کیلۆ گەنم وەردەگیرێت.
سامان حسێن، یەکێک لەو 10 جوتیارە قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت، دەچینە بەردەم وەزارەتی بازرگانی و کشتوکاڵی حکومەتی عێراق و داوای زیادکردنی بڕی وەرگرتنی گەنم دەکەین.
دەشڵێت: جوتیارانی دەشتی بتوێنیش پەیوەندییان کردووە و ئەوانیش دێن.
ئەمرۆ 964 ئاشکرایکرد، لە دەرئەنجامی ئەو بڕیارە وەزارەتی بازرگانی عێراق بەشێک لە جوتیارانی ھەرێمی کوردستان، بە تایبەت ناوچەکانی کەلار و کفری، گەنمەکانیان بۆ سایلۆکانی کەرکوک، دوزخورماتوو و دیالە دەبەن، چونکە بڕی وەرگرتنی گەنم چەند ھێندەی ھەرێمی کوردستانە.
چوونی ئەو جوتیارانە لە کاتێکدایە پێشتر حەیدەر نورى، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بە بازاڕکردنی دانەوێڵەی عێراق رایگهیاند، هەموو ئەو گەنمەی جووتیارانی هەرێم هەیانە وەریدەگرین، کە هەر تەنێک بەرامبەرە بە 850 هەزار دینار.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق