پڕۆژەی دانانی تۆڕی ئاوی لولەیی ئیدارەی راپەڕین - تایبەت بە 964
کێشەی ئاوەڕۆی حاجیاوا و ژاراوە چارەسەر دەکرێت
964+
ژێوار خدر – راپەڕین
پڕۆژەی دانانی تۆڕی ئاوی لوولەیی بۆ چەند گەڕەکێک لە قەزای حاجیاوا و ناحیەی ژاراوەی سنوری ئیدارەی راپەڕین ئەنجام دەدرێت، کە بەم پڕۆژەیە زۆرێک لەو گەڕەکانە لە کێشەی ئاوەڕۆ رزگاریان دەبێت.
پڕۆژەکە لە قەزای حاجیاوا هەریەک لە گەڕەکەکانی (حاجیاوای کۆن، فەرمانبەران، شیشار و کوردستان) دەگرێتەوە و بودجەی تەرخانکراو بۆی 681 ملیۆن و940 ههزار دینارە.
لە ناحیەی ژاراوەش پڕۆژەکە پێکهاتووە لە قیڕتاو و کۆنکرێتکردن و درێژکردنەوەی ئاوەڕۆی لوولەیی تیرە جیاواز، كه بودجەی تەرخانکراو 494 ملیۆن و 791 ههزار دینارە.
رێباز پیرۆت یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی شارەوانی راپەڕین بە 964ـی وت ” ئەم گەڕەکانە پێشتر هیچ ئاوەڕۆیەکیان نەبووە، بەم پڕۆژەیە کێشەی ئاوەڕۆکەیان چارەسەر دەبێ”.
وتیشی: جگە لە چارەسەری ئاوەڕۆ، کێشەی پەڕینەوەش لە حاجیاوای کۆن بۆ حاجیاوای تازە چارەسەر دەکرێت.
سەبارەت بە پڕۆژەکەی ناحیەی ژاراوەش، ئاماژهى بهوهدا، پڕۆژەیەکی بێ کەموکوڕییە و جگە لەوەی کە سودی هەیە بۆ زۆرێک لەو گەڕەکانەی کە پێشتر ئاوەڕۆیان بۆ نەکراوە، ئێستاش بەهۆی ئەم پڕۆژەیەوە سودمەند دەبن.
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن