964 وردەکارییەکەی ئاشکرا دەکات
جووتیارە کوردەکان گەنم بۆ سایلۆکانی عێراق دەبەن
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
جووتیارانی ھەرێمی کوردستان لە یەک دۆنم زەوی چێندراودا، دەتوانن تەنیا بڕی 89 کیلۆ گەنم رادەستی سایلۆکان بکەن، بەڵام لە شارە عێراقییەکان یەک تۆن بۆ یەک تۆن و 500 کیلۆ لە جووتیاران بۆ ھەمان رووبەر وەردەگیرێت.
ئەمە وایکردووە، بەشێک لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە ناوچەکانی کەلار و کفری، گەنم بۆ سایلۆکانی کەرکوک، دوزخورماتوو و دیالە ببەن، چونکە بڕی وەرگرتنی گەنم چەند ھێندەی ھەرێمی کوردستانە.
یەک تۆن گەنم بڕی 850 ھەزار دینار دەکات.
حکومەتی عێراق پلانی وایە سێ ملیۆن تۆن گەنم وەربگرێت، لەو بڕەش 375 ھەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەردەگرێت، کە 160 ھەزار تۆن لە جووتیارانی سنوری پارێزگای سلێمانی و 115 هەزر تۆن لە ھەولێر و 100 ھەزار تۆنیش لە دھۆک.
بەرێوەبەری یەکێک لە سایلۆکانی هەرێم دەڵێت، “دەبوو ئەمە لە سەرەتاوە قبوڵ نەکرایە”.
ئەمرۆ یەکشەممە، رێکەوتی 28.5.2023 کامەران وریا بەرێوەبەری سایلۆی پیرەمەگرون بە 964ی وت، “جووتیاران زۆر نیگەرانن لەو بڕیارە بۆیە ناچارن ھەر ھەنگاوێک بگرنەبەر بۆ ساغکردنەوەی گەنمەکانیان، ئێستا کاتی ئەوەیە ئەو کۆمپانیایانەی بۆ بەبازاڕکردنی گەنم کارگەیان دانا، بە ھەمان نرخی حکومەتی عێراقی گەنمی زیادەی جووتیاران بکڕنەوە”.
لە سنوری پارێزگای سلێمانی 26 ھەزار جووتیار ناویان ھاتۆتەوە کە حکومەت گەنمیان لێوەربگرێت، کامەران وریا دەڵێت، “ئەم بڕیارە سیاسییە، ئەگەر بڕشتی گەنم لە ناوەراست و خوارووی عێراق وەک پێویست نەبووایە، ئەوە بڕێکی زیاتری گەنم لە جووتیارانی ھەرێم وەردەگیرا، دەبوو سەرەتا بڕی ھەرێمی کوردستان قبوڵنەکرایە کە زۆر کەمە”.
کۆگاکانی سایلۆی پیرەمەگرون لە سلێمانی توانای هەڵگرتنی 300 ھەزار تۆن گەنمیان ھەیە، لە ھەریەک لە ناوچەکانی سلێمانی، دوکان، پیرەمەگرون، خدران، تانجەرۆ، بەکرەجۆ، ماوەت و شارباژێر گەنم لە جووتیاران وەردەگرن.
بەوتەی کامەران وریا، توانای زیادکردنی بڕی گەنم لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان بڕیارێک نییە وەزیرێک یان بەرێوەبەرێک دەری بکات، بەڵکو حکومەتی عێراق ھاوشێوەی بودجە %12.7ی بۆ وەرگرتنی گەنم داناوە و ھەر بڕێكیش زیادبکات، کولفەی زیاتری لەسەر دەکەوێت.
بەرێوەبەری سایلۆی پیرەمەگرون ئەوەشی وت، بەغدا دەڵێت زانیاریمان ھەیە لە دەرەوەی عێراق گەنم ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکرێ وتێکەڵی بڕشتی جووتیاران دەکرێت، ئەمەش ھۆکارێکە وایکردووە بەرپرسانی عێراق پێمان دەڵێن، “ئێمە پارە بە جووتیار دەدەین نەک تووجار”.