قایمقامی هه‌ولێر: گرێبه‌ستی پێشووی گۆڕه‌پانی شووتیفرۆشان هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌

964+

فەهمی نەبی

بڕیار بوو ئەمڕۆ شەممە گۆڕەپانی نوێی شوتیفرۆشانی هەولێر لە “گومرگی نوێی هاوچەرخ” بکرێتەوە و چیتر جووتیاران بەرهەمی شووتی نەبەنە عەلوەی کۆنی هەولێر، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی جووتیاران دەرگای کۆنی عەلوە کرایەوە، قایمقامی هەولێر دەڵێت گرێبەستی گۆڕەپانی کۆن هەڵوەشاوەتەوە.

ماوەی چەند ساڵێکە دروستکردنی گومرگی نوێی هاوچەرخ دراوە بە کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت، جووتیاران بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان ترسیان هەیە، کە لە عەلوە نوێیەکە بەرهەمەکانیان بۆ ساغ نەکرێتەوە.

رەجەب عەزیز، ئەنجومەنی عەلوەی هەولێر بۆ 964 قسەی کردووە و دەڵێت، عەلوەی کۆن ساڵانە بە ملیارێک و 600 ملیۆن دینار بە کرێ چووە، ئەو پارەیە هەمووی داهاتە بۆ شارەوانی، بەڵام ئێستا گۆڕەپانێکی نوێ لە عەلوەی نوێ بۆ شووتیفرۆشان دروستکراوە، ئەمە دەبێتە بارگرانی بۆ جووتیاران.

سدیق حەسەن، جووتیارێکی دەشتی هەولێرە بە 964ی راگەیاند، ئەوان ناتوانن بەرهەمەکانیان ببەنە ئەو گۆڕەپانە نوێیەی دروستکراوە چونکە بازاڕیان نابێت.

سدیق دەڵێت، ئێمە بۆهەر بارهەڵگرێک شووتی کە دەیهێنینە عەلوە 10 هەزار دینارمان لێ وەردەگرن، بەڵام ئەگەر بچینە گۆڕەپانە نوێیەکە ئەو پارەیە زیاتر دەبێت و بەمەش بۆ ئێمە بارگرانییە.

فەرهاد پەشێو، خاوەنی نووسینگەی فرۆشتنی بەرهەمی میوەیە لە گومرگ و دەڵێت، ئێمە گرێبەستمان هەیە تا 2038 ساڵانە کرێی 10 بۆ 12 ملیۆن دینار دەدەینە شارەوانی، ئێستا لەو گومرگە نوێیەدا شوێن نییە بە کرێی بگرین.

964 پەیوەندیکرد بە نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی هەولێر، ئەو وتی “بە بڕیاری وەزارەتی شارەوانی گرێبەستی گۆڕەپانی شووتیفرۆشان هەڵوەشاوەتەوە، گرێبەستی نووسینگەکان وەک خۆیەتی و ئەوەی هەیە تەنیا بۆ گۆڕەپانی شووتیفرۆشانە”.

نەبەز عەبدولحەمید، ئەوەشی وت “گومرگی کۆن وەک خۆی دەبێت تەنیا گۆڕەپانی شووتیفرۆشانە دەگوازرێتەوە، ئەو شوێنە موڵکی شارەوانییە ئیدی گرێبەستەکانیان هەڵوەشاوەتەوە، شوێنە نوێییەکە هەمووی 100 مەتر دوورکەوتووەتەوە”.

گۆڕەپانی نوێی شووتیفرۆشان دەکەوێتە بەرامبەر گومرگی ئێستای هەولێر لە بەشی رۆژئاوای هەولێر لەسەر رێگای موسڵ.