وێنەكانی ببینە
شوێنەوارێكی دێرین لە گەرمیان دۆزرایەوە
+964
میلاد جەلال-گەرمیان
وەرزی سێیەمی کاری کنەوپشکنین لە شاخی کوورە کۆتایی ھات و ژمارەیەک شوێنەواری تێدا دۆزرایەوە.
تیمێکی زانکۆی گلاسکۆی بەریتانی بە ھاوبەشی لەگەڵ شوێنەواری گەرمیان بۆ ماوەی پێنج ساڵ گرێبەستێکیان ئەنجامداوە بۆ گەڕان بە دوای شوێنەوار لە شاخی کوورە.
شاخی کوورە دەکەوێتە گوندی بان ئاسیاو لە ناحیەی کۆکز سەر بە ئیدارەی گەرمیان.
لەو پرۆسەیەدا ژمارەیەک گۆزە دۆزراونەتەوە، کە بە دوای یەک دانراون پێ ئەچێت وەک بۆری بۆ گواستنەوەی ئاو بەکارھێنرابێت، لەگەڵ ژمارەیەک قاپی نان خواردنی خۆڵی دۆزراونەتەوە،بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان وای وت.
ساڵەح محەمەد بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان بە تۆڕی 964ى وت”ئەو شوێنەوارەی دۆزراوەتەوە پێ دەچێت کەنیسەیەکی گەورە یان کۆشکێکی گەورە بووبێت، چونکە ژمارەیەک دیوار و پایەی گەورە تێیدا دەركەوتوە.
گۆزە و سینی و قاپی گەورە لەسەر یەك دانراون، مێژوویەكی دێرینیان هەیە، تیمەكان بە گسك و فڵچەی ورد و بە ئەندازەی پێشكەوتووانەوە سەرقاڵی دۆزینەوە و دەرهێنانی گۆزەكانن، ئەوان باوەڕیان وایە ئەو شوێنە كەنیسەیەكی گەورە و كۆن بێت.
کۆتایی بە کنەوپشکنینی سێ وەرز ھاتووە و تەنیا دوو وەرزیان ماوە، لە ئەنجامی گەڕانەکان ژمارەیەک شوێنەوار دۆزراونەتەوە، کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی” وەرکا” ھەزارەی چوارەمی پێش زایین، واتا شەش ھەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
پێداچوونەوە: كوردستان ئەحمەد