964 راستی رووداوی هێرشکردنە سەر حەسارەکەی بەحرکە دەخاتەڕوو
964+
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 25.5.2023، لە رووداوێکی گوماناویدا 15 سەر مەڕ و بزنی هاوڵاتییەک مردار بوونەتەوە و ژمارەیەکی دیکەش زامدار کراون.
خاوەنەکەی قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت: ئەوەی روویداوە پەلاماری رەوە سەگ بووە، پێشتریش حاڵەتی وەها لەو ناوچەیە روویداوە، زیاتر لە 50 سەگی بەڕەڵلا هەن.
964، لەسەر ئەو پرسە پەیوەندی بە دوو دکتۆری ڤێتێرنەری کرد، یەکێکیان دەڵێت: سەگ بە رەوە پەلاماری رانەمەڕ نادات، مەگەر نەخۆشی هاری گرتبێتی. بەڵام ئەوەی دیکەیان کە خۆی دانیشتووی ناحیەی بەحرکەیە و نۆرینگەکەشی نزیکە لە شوێنی رووداوەکە، ئەگەری پەلامارەکە پشتڕاست ناکاتەوە و رەتیشی ناکاتەوە، دەڵێت: سەگەکان برسین، ئەگەری هەیە پەلاماری رانە مەڕ بدەن.