سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە دەدرێت

964+

فەهمی نەبی

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، سەرەتای هەفتەی داهاتووی دیاریکرد وەک وادەی دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە، هاوکات ئەندامێکی لیژنەی دارایی رایگەیاند هێشتا پڕۆژە یاساکە لای لیژنەی دارایی تەواو نەبووە.

محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندوە، رۆژی شەممەی داهاتوو دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە دەدرێت.

لیژنەی دارایی پەرلەمان بەهەمان سەرچاوەی راگەیاندوە، ئەوان ئامادەن ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەو پڕۆژە یاسایە بنێرن بۆ پەرلەمان.

نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رۆژی چوارشەممە، بە 964ی وت، هێشتا تەواو دڵنیا نین کە ئەو کارکردنەی لای لیژنەی دارایی ماوە بۆ چ کاتێک تەواو دەبێت.

پرۆژەیاساکانی بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 و داهاتی فرۆشتنی نەوت لە بودجەی گشتییدا، بە 117 تریلیۆن و 252 ملیار دینار خەملێنراوە و داهاتی نا نەوتییش بە 17 تریلیۆن و 301 ملیار دینار خەملێندراوە، پشکی هەرێم لە پڕۆژە یاساکەدا بە 12.67% دیاریی کراوە.