لە سلێمانی مۆبایلی دزی و لە بەغدا دەستگیر کرا

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

کەسێک لەناو بازاڕی سلێمانی مۆبایل دەدزێت و لە شاری بەغدا دەستگیر دەکرێت.

رووداوەکە کاتێک ئاشکرا بووە، کە ژمارەیەک کاسبکاری ناوشاری سلێمانی سکاڵایان لای پۆلیس تۆمار کردووە، کە دزیان لێکراوە.

بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی سلیمانی ئەمڕۆ چوارشەممە 24.5.2023 بڵاویکردەوە، بەشی نەهێشتنی تاوان دوای لێکۆڵینەوەکانیان بۆیان دەرکەوتووە تۆمەتبارەکە بەرەو بەغدا هەڵهاتووە.

دەشڵێت، “مەفرەزەیەکی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان بە بڕیاری دادوەر چوونەتە بەغدا و تۆمەتباریان بە ژمارەیەک ئامێری پەیوەندیکردنەوە دەستگیرکرد”.

ئەوکەسە ناوی “ح، خ، ا”ـە و تەمەنی 19 ساڵە و بە رەگەز عەرەبە و “پێشتریش چەند فەرمانێکی دەستگیرکردنی هەبووە”.

لە ئێستادا تۆمەتبارەکە بە مادەکانی 446 و 443 کە تایبەتن بە دزیکردن و فێڵکردن، لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.