لە دێربی بادینان دهۆک میوانداری زاخۆ دەکات
ئەمڕۆ هەر چوار یانەکەی کوردستان لە خولی نایابی عێراق یارییان هەیە
964+
فەرمان سادق
لە گەڕی 30ـی خولی نایابی عێراق هەر چوار یانەکەی کوردستان یارییان هەیە و دهۆک لە دێربی بادینان دهۆک میوانداری زاخۆ دەکات.
کاتژمێر 4:30ـی ئەمڕۆ یانەی نەورۆز دەبێتە میوانی یانەی حدود، هاوکات کاتژمێر 9ـی ئەمشەویش دهۆک لەسەر یاریگای خۆی لە دێربی بادینان میوانداری یانەی زاخۆ دەکات، لە هەمان کاتیش هەولێر لەسەر یاریگای شەعب دەبێتە میوانی یانەی تەڵەبە.
یانەی هەولێر کە لە یاری رابردوودا بەرامبەر زەوڕا دۆڕا، لەم یارییەدا ئەگەر بیباتەوە رەنگە سێ پلە بێتە پێشەوە و لە پلەی 11 بێتەوە پلەی 8ـی ریزبەندی و ژمارەی خاڵەکانیشی بگەیەنێتە 42 خاڵ.
یانەی دهۆک کە بە 44 خاڵ لە ریزبەندی 6ـە، ئەگەر بیباتەوە ژمارەی خاڵەکانی لەگەڵ تەڵەبەی ریزبەندی 5ـەم هاوتا دەکات، بەڵام زاخۆی خاوەن 32 خاڵی پلە 16 ئەگەر بەرامبەر دهۆک بدۆڕێت ئەوا لە ناوچەی مەترسی و دابەزین نزیک دەبێتەوە.
هەرچی یانەی نەورۆزی نوێنەری پارێزگای سلێمانییە، کە بە 38 خاڵ لە پلەی 12 دایە و بە خاڵێک لە دواوەی هەولێرە، میوانی یانەی حدودی پلە 13ـیە کە تەنیا دوو خاڵیان بەینە، بە بردنەوەی نەورۆز و دۆڕان یان بەرامبەر بوونی هەولێر ئەوا نەورۆز لە ریزبەندی پێش هەولێر دەکەوێت، بەڵام ئەگەر بدۆڕێت ئەوا حدود پێشی دەکەوێت.