د.ئازاد مستەفا: هیچ بنکەیەکی تەندروستی هەڵەبجە دکتۆری نییە

964+

فەهمی نەبی

هەندێک گوندی پارێزگای هەڵەبجە بنکەی تەندروستی هەیە و لەوەتەی دامەزراوە هیچ دکتۆرێکی بۆ نەچووە، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای هەڵەبجە دەڵێت هیچ بنکەیەکمان دکتۆری نییە.

دوای ئەوەی هاوڵاتیانی چەند گوندێک لە پارێزگای هەڵەبجە، لە تۆڕەی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، سکاڵای نەبوونی دکتۆریان کردبوو لە بنکەی تەندروستی گوندەکانیان، 964 سەروسۆراغی ئەو کێشەیەی لای بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە کرد.

د.ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە ئەمڕۆ دووشەممە بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، “نەخۆشخانەمان هەیە 50 قەرەوێڵەیە دکتۆری بۆ دانانەنراوە چ جای بگات بە بنکەیەکی تەندروستی”.

بەوتەی د.ئازاد مستەفا، “تا ئێستا بە هەموو تەمەنی دامەزراندنی کەرتی تەندروستی لە هەڵەبجە، هیچ بنکەیەک دکتۆری بۆ نەچووە، بنکەکان تەنیا کارمەندی تەندروستیان لێیە”.

بەڕێوەبەری گشتی پارێزگای هەڵەبجە دەڵێت، “بە بۆچوونی من هەندێک شوێن هەر پێویست ناکات بنکەی تەندروستی لێ بێت”.

کەرتی تەندروستی پارێزگای هەڵەبجە کێشەی کەمی میلاکی هەیە، ئەمە بەوتەی د.ئازاد مستەفا، هاوکات ئەوەشی وت، “نەخۆشخانەیەکی گەورەمان هەیە لە بیارە ئەوە هەشت مانگە بڕیارە 130 کەسی بۆ دابمەزرێت کەچی هیچ دیارنییە”.

هەڵەبجە لە ساڵی 1889 بۆتە قەزا و لەساڵی 2014 بۆتە پارێزگا، هەریەکە لە ناحیەکانی سیروان، خورماڵ و بیارە لەخۆدەگرێت، بەڵام کێشەی کەرتی تەندروستی لەو پارێزگایە هێشتا یەکێکە لە کێشە سەرەکیەکانی، ئەمەش بەوتەی بەرپرسانی کەرتی تەندروستی ئەو شارە.