شارەوانی سۆران تفەنگی هەیە گوللەی نییە بۆ بێهۆشکردنی سەگ
964+
فەهمی نەبی
شارەوانی سۆران نە ئۆتۆمبێلیان هەیە نە گوللەی بێهۆشکەر بۆ گرتن و کۆکردنەوەی سەگی بێلانە.
لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران شێڵتەرێک هەیە ئەگەرچی بە قسەی سەرۆکی شارەوانی سۆران بێت، کەمێک “بێسەروبەرە” بەڵام تا ئێستا نزیکەی 150 سەگی لێ داڵدەدراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 22.5.2023، شارەوانی سۆران هەڵمەتێکی گرتن و کۆکردنەوەی سەگی بێلانەی ئەنجامداوە، بەڵام بە قسەی سەرۆکی شارەوانییەکەی بێت بەهۆی نەبوونی کەرەستەی پێویست توانیویانە تەنیا سێ سەگ بگرن.
سەلوا شۆرۆ، سەرۆکی شارەوانی سۆران لەسەر هەڵمەتەکە قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت، ئۆتۆمبێڵی تایبەت و کەرەستەی گونجاومان نییە بۆ گرتن و گواستنەوەی سەگە بێلانەکان، پێشتر کۆمپانیای پاپا گروپ ئەو کارەی دەکرد، بەڵام لەبەر نەبوونی ئەو بڕگەیە لە گرێبەستەکەیان وازیان لەو کارە هێنا.
بەوتەی سەلوا شۆرۆ، گرتن و گواستنەوەی سەگی بێلانە کارێکی قورسە و پێویست بە ئۆتۆمبێڵی تایبەت و تفەنگ و گوللەی بێهۆشکەر هەیە.
“تفەنگمان هەیە بەڵام گوللەمان دەستناکەوێت بۆ بێهۆشکردنی سەگەکان تا دەگەیەندرێنە شێڵتەرەکان، داوای گوللەمان کردووە لە هەموو ئیدارەی سۆران دەستمان ناکەوێت”. سەرۆکی شارەوانی سۆران وادەڵێت، ئەوەشی خستەڕوو کە نەبوونی کەرەستەی پێویست وایکردووە زۆرجار تیمەکان نەتوانن یەک سەگیش بگرن.
شارەوانی سۆران، هەر سەگێك بگرن بە بۆیەی سوور نیشانی دەکەن بۆ ئەوەی ئەگەر گەڕایەوە ناوشار بناسرێتەوە.