سایلۆی سەیدسادق بۆ جوتیاران: بە گەڵابە گەنم بهێنن
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
سایلۆی سەیدسادق داوا لە جوتیاران دەکات بە گەڵابە گەنمیان بۆ ببەن، چونکە لە رێگەی لۆرییەوە بەتاڵکردنی کاتی زۆری دەوێت.
رۆژی سێشەممە 23.5.2023 سایلۆکە ئامادە دەبێت تا بەرھەمی گەنمی ئەمساڵ وەربگرێت.
سایلۆکە توانای وەرگرتنی 40 ھەزار تۆن گەنمی ھەیە، لە ھەریەک لە پارێزگای ھەڵەبجە و قەزاکانی سەیدسادق، شارەزوور، دەربەندیخان، پێنجوێن و ناحیەی ناڵپارێز و بەرزنجەوە جوتیاران گەنمی بۆ دەبەن.
بەختیار عیزەت، بەڕێوەبەری سایلۆی سەیدسادق بە 964 ی وت، “داوا لە جوتیاران دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین زۆرترین رێژەی گەنم وەربگرین، پێویستە ھێنانی گەنم لە رێگەی گەڵابەوە بێت نەک لۆری”.
دەشڵێت، تا شەش لۆری بەتاڵ دەکرێت رۆژانە گەنم لە 120 گەڵابە وەردەگیرێت.
ساڵی رابردوو 29 ھەزار تۆن گەنم وەرگیراوە، بەوتەی بەڕێوەبەری سایلۆکە ئەمساڵ بە ریزبەندی ناوچەی گەنم وەردەگرن، تا جوتیار شەوان بە دیار گەنمەکانیانەوە نەمێننەوە.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد