پێشمەرگەی هەولێر بووە پاڵەوانی جامی کوردستان
964+
شیراز عەبدوڵا
پێشمەرگەی هەولێر بووە پاڵەوانی جامی کوردستان.
کاتژمێر 6ـی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، یاری کۆتایی جامی کوردستان لەنێوان یانەی پێشمەرگەی هەولێر و یانەی دهۆک بەڕێوەچوو.
گێمی یەکەمی یارییەکە بە گۆڵێک لە بەرژەوەندی یانەی پێشمەرگەی هەولێر کۆتایی هات، ئەگەرچی یانەی دهۆک لە 20 خولەکی گێمی یەکەمدا باشتر یاری کرد.
عەبدوڵا سەربەست، لە خولەکی 38 بە لێدانی سزا گۆڵی یەکەمی پێشمەرگەی هەولێری تۆمارکرد.
لە خولەکی 47ـی گێمی دووەمدا، یاریزان چاڤیۆ مۆنی گۆڵی بەرامبەری یانەی دهۆکی تۆمار کرد، بەڵام رێکار هاشم لە خولەکی 82ـی یارییەکە توانی گۆڵی دووەم و بردنەوەی پێشمەرگەی هەولێر تۆمار بکات و یانەکەی بکاتە پاڵەوانی شەشەمین جامی کوردستان.
بەو ئەنجامە، پێشمەرگەی هەولێر یەکەم جامی کوردستانی بەرزکردەوە، پێش ئەویش یانەکانی برایەتی، ئارارات، زێرەڤانی، پێشمەرگەی سلێمانی و زاخۆ یەکەی یەکجار بوونەتە پاڵەوانی جامی کوردستان.
لە گەڵ کۆتایی هاتنی یاری هاندەران و دەستەی ڕاهێنەرانی یانەی دهۆک رەخنەیان لە دەستەی ناوبژیوانانی یاری گرت و پەلاماری ناوبژیوانەکانیاند و بەشێک لە پەیژەکانی یاریگای فەرەنسۆ هەریریان لێکردەوە و فڕێیاندایە نێو یاریگا.
بڕیاربوو لە دوای یاری خەڵات بەسەر یاریزان و راهێنەرانی هەردوو یانە دابەشبکرێت، بەڵام بەهۆی گرژی نێوان هاندەران دابەشنکرا.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق