بۆری هێڵی دووی دوکان - سلێمانی شکاوە
چەند گەڕەکێکی سلێمانی تا 24 کاتژمێر بێ ئاو دەبن
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
چەند گەڕەکێکی شاری سلێمانی بۆ ماوەی 24 کاتژمێر بێئاو دەبن. هۆکارەکەی شکانی بۆری ئاوی هێڵی دووی دوکان – سلێمانییە.
بێئاوییەکە چەند گەڕەکێکی ناوشاری سلێمانی و گەڕەکەکانی ناوچەی قڕگە دەگرێتەوە.
بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، بۆرییەکە لە گوندی کۆتەڵ، لەنێوان پیرەمەگرون و دوکان شکاوە.
وتیشی، “تیمەکان گەیشتوونەتە شوێنی شکاوییەکە و هەموو هەوڵێک دەدەین لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا چاک بکرێتەوە و ئاو بۆ ئەو گەڕەکانە بگەڕێندرێتەوە”.