لە چەمچەماڵەوە بۆ تورکیا.. لێرەوە پێستەکە دەڕوات و لەو سەرەوە بە قایش و پێڵاو بۆمان دێتەوە

964+
هۆگر عەدنان

پێنجی بەرەبەیانە، کوچەوکۆڵان بێدەنگە و سەنتەری بازاڕ بەدەگمەن خەڵکی تێدا دەبینرێت، بەڵام حاجی سەرتیپی کۆنە قەساب هەستاوە و بەنیازە بچێت بۆ کوشتارگەی چەمچەماڵ و تەکیەی کاکەمەند، بۆ کڕینی چەرمی وڵاخ و کەوڵی ئاژەڵ.

سەرقاڵی سەربڕین و کەوڵکردنی ئاژەڵەکانیانن، هەر کە حاجی سەرتیپ دەبینن هەموان دەگەشێنەوە، چونکە حاجی تاکە کڕیاری چەرم و کەوڵە لە سنوری چەمچەماڵ.

ئەو چەرم و کەوڵانەی سەرتیپ کۆیکردوونەتەوە لێرەوە دەبرێنە دەباغخانەی کەرکوک، بۆ لای بێستوونی دەباغ.

بێستوون لە باوانیانەوە سەرقاڵی قەسابی و کڕینی چەرم و کەوڵن لە شاری کەرکوک، لێرە چەرم و کەوڵەکان خوێی لێدەدرێت بۆ ئەوەی تێکنەچێت و وشک هەڵنەگەڕێت و بۆگەن نەکەن، پاشان بە بارهەڵگر مانگانە زیاد لە 200 تۆن چەرم و کەوڵ هەناردەی وڵاتی تورکیا دەکات، دواتر دەکرێت بە پێڵاو، قایش و جانتا هاوردەی عێراق دەکرێنەوە.