هادی مەحمود تاوەکو کۆچی دوایی کرد بە ئاواتەوە بووە خانوویەکی هەبێت

964+
دیلان حەمە جەزا

بە هەردوو دەستی توند وێنەکەی گرتووە و لێی رادەمێنێت، بەدەم بیرهاتنەوەی یادگارییەکانەوە فرمێسک لە چاوی وشک ناکات، بەهار ئەوەی لە دڵ دەرناچێت کە هادی مەحمودی هاوسەری تا ئەو رۆژەی کۆچی دواییشی کرد هەر خەمی ئەوەی بوو دوو ژووریان بۆ پێکەوە بنێت.

حەمەتاڵەکەی گەردەلوول پیاوێکی خۆشەیستی ناو خەڵک بوو، شەوی 29ی نیسان لە سلێمانی کۆچی دوایی کرد، بەهار عوسمانی خێزانی و دوو کچەکەی، کە خۆی پێی دەوتن کەروێشکەکان، بە تەنیا مانەوە.

عەریف حەمەتاڵ لە هەر سێ بەشەکەی درامای گەردەلوولدا کاراکتەرێکی دیار بوو، بڕیاربوو بۆ بەشی چوارەمیش بەشداری بکات، بەڵام مەرگی کەوتە پێش بەرهەمهێنانی ئەو بەشەوە.

جەلیل زەنگەنە دەرهێنەری دراماکە، ئێستاش دوا قسەکانی خۆی لەگەڵ هادی بیر ماوە، دەڵێت وەک ئەوە بوو دڵی خەبەری دابێت.

زۆر کەس بۆ کۆچی دوایی هادی مەحمود بە خەم بوون، بەڵام دواجار هەمووان سەبورییان دێت، خەمە گەورەکە هەر بۆ بەهاری خێزانی و کەروێشکەکانی و کەسە زۆر نزیکەکانی دەمێنێتەوە.