ئیداره‌ى رانیه‌ ئاماده‌كارى بۆ وه‌رزى دروێنه ده‌كات ‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ئیداره‌ى رانیه‌ ئاماده‌كارى ده‌كات بۆ وه‌رزى دروێنه‌ى گه‌نم و دانه‌وێڵه‌ى جوتیاران، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش چه‌ند بڕیار و رێنماییه‌كى ده‌ركرد، یه‌كێك له‌وانه‌ش تیمەکانی بەرگری شارستانی و پۆلیس و پۆلیسی دارستان له‌ ئاماده‌باشیدا ده‌بن.

راگەیاندنی قائمقامیەتی قەزای رانیە بڵاویكرده‌وه‌، کۆبونەوەیەک له‌نێوان قایمقامی قەزای رانیە و سەرجەم بەرێوەبەری ناحیەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئه‌نجامدراوه‌ به‌مه‌به‌ستى پشتیوانی دامودەزگا حکومیە پەیوەندیدارەکان بۆ وەرزی دروێنەی دەغڵ و دانی جوتیاران.

به‌پێی راگه‌یاندراوێكی قایمقامییه‌ت لە کۆبونەوەکە چه‌ند بریارێك دراون له‌وانه‌ش، نرخی کارکردنی دەڕاسەکان بۆ دروێنه‌ دیاریكرا كه‌ له‌ 55 هه‌زاره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات تاكو  75 هه‌زار دینار، ئه‌گه‌ر له‌جیاتی پاره‌ش به‌ گه‌نم دروێنه‌ بكات ئه‌وا له‌به‌رامبه‌ر 100 ته‌نه‌كه‌ گه‌نم 6.5 ته‌نه‌كه‌ وه‌رده‌گرێت.

بڕیاردراوه‌، پاککردنەوەی رێگاكانی هاتوچۆی جوتیاران بۆئەوەی بە ئاسانی دەغڵودانەکانیان دروێنه‌ بكه‌ن.

به‌پێی بڕیارێكی دیكه‌ش، تیمەکانی بەرگری شارستانی و پۆلیس و پۆلیسی دارستان له‌ ئاماده‌باشیدا ده‌بن له‌ ئه‌گه‌رى كه‌وتنه‌وه‌ى هه‌ر رووداوێكی ئاگركه‌وتنه‌وه‌، بۆئەو مەبەستە لەچەند ناوچەیەکی نزیک لە گوندەکان چەند ئۆتومبێلێکی ئاگر کوژاندنەوە (حریق) جێگیر دەکرێن.

بڕیاریش دراوه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریکراو ئامێری کاکوت قەدەغە بکرێت لەبەر مەترسی ئاگركه‌وتنه‌وه‌، پێوستە دەڕاسە و کاکوتەکان تانکی ئاو و هۆکارەکانی کوژاندنەوەی ئاگریان لەلابێت.