هاتوچۆی گەرمیان ماتۆڕە گیراوەکان پاندەکاتەوە
964+
هونەر فارس – گەرمیان
تەنیا ئەمساڵ 150 ماتۆڕ لە گەرمیان پانکراونەتەوە و 150ـی دیکەش بۆ پانکردنەوە ئامادەن.
لە پێنج مانگی ساڵی 2023 دا، لە گەرمیان نزیکەی 450 ماتۆڕ دەستی بەسەرداگیراوە، ماتۆڕە گیراوەکانیش پاندەکرێنەوە و لەلایەن هاتوچۆی گەرمیانەوە بە نرخی ئاسن دەفرۆشرێن.
ئەو ماتۆڕانەی دەستیان بەسەردا دەگیرێت زیاتر ئەوانەن کە مۆڵەتیان نییە و دەبنە هۆی بێزاری هاوڵاتیان.
سامان عەلی وتەبێژی هاتوچۆی گەرمیان، بە 964ـی وت “لە مانگی شوباتدا، 150 ماتۆڕمان پانکردۆتەوە و 150ـی دیکەشمان ئامادەکردووە و بەم نزیکانە پانی دەکەینەوە”.
لە بارەی هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی ماتۆڕسکلیشەوە وتی، بەهۆی بێزارکردنی هاوڵاتییانەوە رۆژانە سکاڵای زۆریان بۆ دێت، بۆیە لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکان لیژنەیان پێکهێناوە بۆ ئەوەی بەم نزیکانە دەست به هەڵمەتێک بكهن، بۆ دەستبەسەرداگرتنی ماتۆڕسکیلەکان.
رۆژ دوای رۆژ، ژمارەی بەکارهێنانی ماتۆڕی دوو تایە لە نێو گەنجاندا روو لە زیادبوونە و بە زۆریش گرنگی بە ماتۆڕی ئێرانی دەدەن، چونکە نرخەکانیان گونجاوە و دەستکەوتنیان ئاسانە.
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن