ئێران سێ کەسی دیکەی خۆپیشاندانەکانی لە سێدارە دا

964+

فەهمی نەبی

دەزگای دادی ئێران رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی سێ لەو کەسانەیان لە سێدارە داوە کە لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێران تۆمەتبار بوون بە کوشتنی دوو ئەندامی بەسیج (هێزی نیمچە سەربازی ئێرانی).

ئەو سێ کەسەی ئێران لە سێدارەی داون، ناویان مەجید کازمی، ساڵح میر هاشمی و سەعید یەعقوبیە، ئەوان خەڵکی ئەسفەهانن، لە دواین خۆپیشاندانی ئێران دەستگیرکرابوون.

لە ناوەڕاستی ئەیلولی 2022 لە وێستگەی میترۆی شەهید حەققانی شاری تاران “پۆلیسی رەوشت” بە تۆمەتی نەگونجاوی جلوبەرگەکەی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵەی خەڵکی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستانی دەستگیرکرد، بەڵام دواتر گیانی لەدەستدا.

بنەماڵەکەی بەرپرسیارێتی گیانلەدەستدانی ژینایان خستە ئەستۆی هێزە ئەمنییەکانی تاران.

رۆژێک دوای ئەوە لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، خوپیشاندان و ناڕەزایی بەڕێوەچوو، بە سەدان لە چالاکوانان و خۆپیشاندەران دەستگیرکران و تا ئێستا چەند کەسێکیان لە سێدارە دراون.