وەبەرهێنانی گەرمیان: ئەو پڕۆژانەی زەویان بۆ تەرخانکراوە 25 هەزار هەلیکار دەڕەخسێنن

964+

فەهمی نەبی

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی گەرمیان رایگەیاند 48 پڕۆژە زەوییان بۆ ،تەرخانکراوە ئەگەر هەموو ئەو پڕۆژانە رێکاری مۆڵەتیان تەواو بێت و جێبەجێبکرێن، زیاتر لە 25 هەزار هەلیکار دروست دەکەن.

ئەو پڕۆژانەی زەوییان بۆ تەرخانکراوە و هێشتا مۆڵەتیان تەواو نەبووە، لە هەریەکە لە بوارەکانی نیشتەجێبوون، بازرگانی، پیشەسازی و پەروەردەیە.

هونەر مەحمود، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی گەرمیان بۆ 964 دەڵێت: ئەو 48 پڕۆژەیەی زەویان بۆ تەرخانکراوە، ئەگەر جێبەجێبکرێن، بووژانەوەیەکی باش روو لەو ناوچەیە دەکات، بە تایبەت بۆ دەستەبەرکردنی هەلیکار بە تایبەت ئەوانەی پەیوەندیدارن بە یەکەی نیشتەجێبوون.

بە وتەی هونەر مەحمود، رێکاری تەواوکردنی مۆڵەت لە بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنان نزیکەی ساڵێکی پێدەچێت، ئەو دەڵێت: هۆکاری ئەو ماوە زۆرەی دەرهێنانی مۆڵەت ئەوەیە، دەبێت نووسراو بۆ 19 لایەنی پەیوەندیدار بکەین، لە هەمان کاتدا ئەو پڕۆژانەی هی نیشتەجێبونن، دەچێتە ئەنجومەنی وەزیران بۆیە کاتێکی زۆرتری دەوێت.

سەبارەت بەو 46 پڕۆژەیەی ئێستا مۆڵەتیان هەیە، هەندێکیان تەواو بوونە و هەندێکیشیان لە کاردان، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی گەرمیان وتی، گوژمەی ئەو پڕۆژانە ملیارێک و 300 ملیۆن دۆلارە، هاوکات ئەو پڕۆژانە نزیکەی شەش هەزار هەلیکاریان دروستکردووە.

بە گوێرەی زانیاری بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی گەرمیان، لە کۆی ئەو 46 پڕۆەیەی ئێستا لە کارن، زیاتر لە 30 پڕۆژەی لە قەزای کەلارن.