ژنێکی 90 ساڵە لە کاتی سوتاندنی پاشماوەی کارتۆن و پەڕۆ لەگەڵیدا خۆی سوتاوە

964+

فەهمی نەبی

لە قەزای کەلار ژنێکی تەمەن 90 ساڵە لەکاتی سوتاندنی ئەو کارتۆن و پەڕۆیانەی وەک پاشماوە لە دەورەبەری ماڵەکەی کۆیکردبوونەوە، لەگەڵیدا خۆی ئاگری گرتووە و سوتاوە.

بەپێی راگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان، ئەمڕۆ سێشەممە لە گەڕەکی بەردەسووری قەزای کەلار، ژنێک کە لەدایکبووی ساڵی 1933 بوو سوتاوە.

ئەو ژنە بەتەمەنەی سوتاوە ناوی (ک،ع،ع)ە، دەوترێت بەشی زۆری جەستەی سوتاوە و هێنراوەتە نەخۆشخانەی شەهید هەژار لە کەلار، بەڵام بەهۆی سەختەی برینەکەی نێردراوە بۆ نەخۆشخانەکانی سلێمانی.

بەوتەی پۆلیسی گەرمیان، ژنە بەتەمەنەکە خەریکی کۆکرنەوەی ئەو کارتۆن و پارچە پەڕۆیانە بووە کە لە دەوروبەری ماڵەکەیان هەبوون، ئەو ویستویەتی لەرێگەی سوتان ئەو پاشماوانە لەناو ببات بەڵام لەگەڵیدا خۆیشی گڕیگرتووە.