ئەمساڵ لە سنووری دهۆک 45 هەزار دۆنم زەوی کراوەتە پەتاتە
964+
زەید کۆچەر-دهۆک
ئەمساڵ لە پارێزگای دهۆک بەرهەمی پەتاتە لە چاو پارساڵەوە زۆر زیادی کردووە.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک ئەحمەد جەمیل بۆ 964 وتی، “ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای دهۆک 45 هەزار دۆنم زەوی کراوەتە پەتاتە و پێشبینیی دەکرێت بەراورد بە ساڵی رابردوو 75% زیاد بکرێت و بەرهەمەکەشی زیاتر لە 400هەزار تۆن بێت، چونکە پارساڵ 28 هەزار دۆنم چێندرابوو و بەرهەمیشی 270 هەزار تۆن بوو، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی زۆر بە بەرهەمی پەتاتە دەدات.
ئەحمەد جەمیل وتیشی، ئەوەی هەیە بۆ سیاسەتی کابینەی نۆ دەگەرێتەوە کە بازار بۆ بەرهەمەکە دەدۆزرێتەوە و لە کۆگاکانیش هەڵدەگیرێت، کە ئێستا دهۆک یەکەمە لەسەر ئاستی عێراق لە دروستکردنی کۆگا و 108 کۆگا هەن و توانای هەڵگرتنی 500 هەزار تۆن بەرهەمی ناوخۆییان هەیە، کە بەشێوەیەکی زانستی هەڵدەگیرێت.
جەمیل روونیشی کردەوە، زۆربەی بەرهەمی پەتاتە لە هەر سێ قەزای بەردەڕەش، شێخان و سێمێل بەرهەم دێت.
ساڵانە لە مانگی پێنجەوە بەرهەمی پەتاتە پێدەگات و جوتیاران دەست بە هەڵکەندنی پەتاتە دەکەن و دواتریش بەشێکی لە بازار دەفرۆشرێت، بەشێکیشی لە کۆگاکان هەڵدەگیرێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا