نۆبەرەی ترۆزییەکەی گەرمیان گەیشتە سلێمانی
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
نۆبەرەی ترۆزی دەشتی گەرمیان گەیشتووەتە عەلوەی سلێمانی، نرخی یەک کیلۆ لە ھەرە جوانەکەی کە بگاتە دەست ھاوڵاتی بە دوو ھەزار بۆ دوو ھەزار و 250 دینارە.
پێشتر ترۆزی ئێرانی لە بازاڕدا ھەبوو، بەڵام خواست لەسەری وەک خۆماڵی نییە، ئێستا نۆبەرەی ترۆزی دەشتی گەرمیان کە ناوچەی کوڵەجۆ بۆ نزیک خانەقین دەگرێتەوە، پێگەشتووە و چاوی فرۆشیارانی زیاتر خستووتە سەر خۆی.
ئەمڕۆ دووشەممە 16.5.2023 ھەردی شێخ محەمەد فرۆشیار لە عەلوەی سلێمانی بە 964ی وت، “بەھۆی ئەوەی ترۆزییەکە ئاودارە و شیرینە، خواستی زۆری لەسەرە، کاتێکیش یەکەم وەجبەی ھاتە بازاڕەوە یەک کیلۆی بە شەش ھەزار دینار فرۆشرا”.
“بەڵام، ئەم نرخە ھەرزوو دابەزی و ئێستا لەنێوان 250 دینار بۆ یەک ھەزار و 250 دینارە بەنرخی کۆ، بەڵام فرۆشیارانی تاک بە بەپێی جوانی ترۆزییەکە کیلۆی بە 500 دینار بۆ دوو ھەزار و 250 دینار دەفرۆشن”، ھەردی شێخ محەمەد وای وت.
ئەو فرۆشیارە ئەوەشی وت، “ئەم ترۆزییەی لە بازاڕەکانی، سلێمانی و ھەولێر و دھۆک ساغدەکرێنەوە بەرھەمێکی خۆماڵییەوە ھەناردەی ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق ناکرێت، وتیشی، “مانگی تەمموز ترۆزی بەحری شارەزوور پێدەگات کە ئەمە بەتامترین ترۆزی خۆماڵییە.
پێداچوونەوە” توانا نەقی