مانگی داهاتوو بەردەستدەبێت

کۆمپانیای گوگڵیش مۆبایلی چەماوەی دروستکرد

964+

ئەحمەد عەبدوڵا

کۆمپانیای گوگڵ پەردەی لەسەر یەکەم مۆبایلی چەماوەی خۆی لادا کە وا بڕیارە 27ـی مانگی داهاتوو لە بازاڕەکان بەردەستبێت.

کۆمپانیای گوگڵ یەکەم مۆبایلی چەماوەی خۆی بە ناوی Pixel Fold راگەیاند، مۆبایلەکە چیپی ( tensor G2)ـی لەسەر جێگیرکراوە و قەبارەی شاشەکەی 7.6 ئینجی OLEDـە و رامی مۆبایلەکە 12 گێگا بایتە و دوو بیرگەی جیاوازی هەیە کە 256 و 516 گێگا بایتن.

“مۆبایلی چەماوە دەبەینە قۆناغێکی تازە”

کۆمپانیای گوگڵ رایگەیاند، مۆبایلەکە ناوازەیە و جگە لە کامێرا و تایبەتمەندییە بەهێزەکانی، قەبارەی مۆبایلەکە زۆر باریکە بەراورد بە مۆبایلە چەماوەکانی تر.

مۆبایلەکە لە 27ـی مانگی حوزەیران دەکەوێتە بازاڕەکان و سەرەتا لە ئەمریکا، بەریتانیا، یابان و ئەڵمانیا بەردەست دەبێت، نرخی مۆبایلەکە لە 1,799 دۆلارەوە دەستپێدەکات.

مۆبایلە زیرەکە چەماوەکان بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2018 کەوتنە بەردەستی بەکارهێنەران و هەر زوو سەرنجی بەکارهێنەرانی بۆخۆی راکێشا و لە ئێستادا مۆبایلە زیرەکە چەماوەکانی کۆمپانیای سامسۆنگ بەناوبانگترین و پڕفرۆشترینن.