سەرۆکی شارەوانی کەلار سکاڵای لەسەرە و وەڵامی تەلەفۆنیش ناداتەوە

964+

هونەر فارس- کەلار

بەهۆی نەگەڕانەوەی ناوی بۆ قەرەبوو کردنەوەی زەوی، هاوڵاتیەک سکاڵا لە سەرۆکی شارەوانی کەلار تۆمار دەکات، بە وتەی بەشی یاسایی شارەوانیش ئەو هاوڵاتیە لە کاتی سەردانی لیژنەکەدا ناوی نەنوسیووە.

هاوڵاتیەکە دانیشتووی گەڕەکی لیوا رەشەکەی قەزای کەلارە و ناوی لەو لیستەدا نەهاتوە کە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ قەرەبوکردنەوەی گەڕەکەکە گەڕاوەتەوە.

محەمەد رەفعەتی سکاڵاکار بە 964ی وت: ئێمە دوو ماڵین و لە ساڵی 1997ەوە دانیشتوی گەڕەکی لیوا ڕەشەکەین، بەڵام لەکاتی ناونوسین بۆ قەرەبوو کردنەوەی ماڵەکانی ئەو گەڕەکە بێبەشکراوین و ناومان نەگەڕاوەتەوە، کەچی ناوی خەڵکی دیکەی دەرەوەی گەرمیان لە شوێنی ئێمە نوسراوە.

ئەو هاوڵاتیە بە وتەی خۆی سکاڵاکەی لە سەرۆکی شارەوانیە، دەشڵێت: داواکاری من تەنیا بۆ مافی خۆم نیە و داوای بنەبڕکردنی ئەوگەندەڵیانە دەکەم کە لە بابەتی قەرەبوو کردنەوەی گەڕەکەکەدا بوونی هەیە.

964 زانیویەتی کە پێشتر بەشی یاسایی شارەوانی بەهۆی سکاڵاکەوە چونەتە بەردەم دادگا و سکاڵاکە بۆ 24.5.2023دواخراوە.

بۆ ئەو مەبەستە پەیامنێری 964سێ جار پەیوەندی بە ئەکرەم ساڵح سەرۆکی شارەوانی کەلارەوە کرد، بەڵام پەیوەندیەکە بێ وەڵام بوو.

لەو بارەیەوە عەباس حسێن نوێنەری بەشی یاسایی لە شارەوانی کەلار، بە 964ی وت: ئەو هاوڵاتیە لە کاتی سەردانی لیژنەی شارەوانی بۆگەڕەکەکە ناوی نەنوسیوە، سکاڵاکە لە دادگای نەزاهەیە و ئەوان بڕیاری لەسەر دەدەن.

گەڕەکی “لیوا ڕەشەکە” بینایەکی کۆنی سەردەمی ڕژێمی بەعسە و نزیکەی 150ماڵی تێدا نیشتەجێیە، ساڵی ڕابرد لەلایەن ئەنجومەنیوەزیرانەوە بڕیاری قەرەبوو کردنەوەی گەڕەکەکە دراو و دوا بڕیار بۆ دیاری کردنی ئەو زەویانەی بۆیان دیاری کراوە 1.5.2023بوو، بەڵام تائێستا زەویەکانیان بۆ دیاری نەکراوە و ناشزاندرێت کەی زەویەکانیان بۆ دیاری دەکرێت و خانوەکانیان لێ وەردەگیرێتەوە.

پێداچونەوە: كوردستان ئەحمەد