بەریتانییەکان لە گەرمیان بە دوای شوێنەواردا دەگەڕێن

+964

هونەر فارس- گەرمیان

تیمێکی شوێنەوارناسی زانکۆی گلاسکۆی بەریتانیا لە گەرمیان بە دوای شوێنەواردا دەگەڕێن، تەنیا هەندێک وردەگۆزەیان دۆزیوەتەوە، بە وتەی شوێنەواری گەرمیان تیمەکە گرێبەستی پێنج ساڵیان لەگەڵ شوێنەواری گەرمیان هەیە و ماوەی 11 رۆژە، لە شاخی کورەی گوندی باناسیاوی سەر بە قەزای کەلار، سەرقاڵی کنە و پشکنینن.

مێژووی شوێنەوارەکە بۆ شەش هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

کنە و پشکنینی ئەو تیمە بەریتانییە، بۆ ئاشنابوونی مێژووی ناوچەکەیە و بۆ سێیەم وەرزە لە گەرمیاندا بە دوای شوێنەوارە مێژووییەکاندا دەگەڕێن، بە وتەی ساڵح سەمین بەرپرسی شوێنەواری گەرمیان بۆ 964.

بەرپرسی شوێنەوار ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا هەندێک وردەگۆزە لە شوێنەواری شاخی کورەدا دۆزراونەتەوە و پشکنینەکان بەردەوام دەبن.

لە سنوری ئیدارەی گەرمیان 600 بۆ 800 ناوچەی شوێنەواری هەیە و 420یان خراونەتە سەر نەخشەی شوێنەوار و لەو ژمارەیەشدا تا ئێستا “10” ناوچەیان کنە و پشکنینی تێدا ئەنجام دراوە.