شوانێك له‌ كه‌پكی حه‌مه‌دئاغا ون بووه‌ و چاره‌نووسی نادیاره‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

دواى ئه‌وه‌ى دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ شوانێك له‌ سنوورى ناحیه‌ى هه‌ریری سه‌ر به‌ شه‌قڵاوه‌ به‌ مه‌ڕو ماڵاته‌وه‌ ون ببوو، شه‌وی رابردوو مێگه‌له‌ مه‌ڕه‌كه‌یان دۆزییه‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا شوانه‌كه‌ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌.

شوانه‌كه‌ ناوی گەنجۆ تاژدین مام رەسوله‌، لە دوێنێ بەیانییەوە بۆ له‌وه‌ڕاندنى مه‌ڕوماڵات چووه‌ته چیاى كه‌پكی حه‌مه‌دئاغا له‌‌ سنوورى چیاى به‌نى هه‌ریرو نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.

عه‌بدوڵا مام سار، كه‌سێكى نزیكى گه‌نجۆ، به‌ 964ـى وت، شه‌وی رابردوو مێگه‌له‌ مه‌ڕه‌كه‌ى گه‌نجۆیان دۆزیوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌ویان نه‌دۆزیوه‌ته‌وه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، گه‌نجۆ بۆ له‌وه‌ڕاندنى مه‌ڕه‌كانى چووه‌ته‌ چیاى به‌نى هه‌ریر، له‌وانه‌ش كه‌پكی حه‌مه‌دئاغا، وتیشی “تا ئێستاش ژماره‌یه‌كی زۆر خه‌ڵك به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێین، به‌ڵام نه‌ماندۆزیوه‌ته‌وه‌”.

باسی له‌وه‌ش كرد، لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى حكومه‌تیشیان ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام چاره‌نووسی نادیاره‌.