18ـی ئەم مانگە دوا دەستکاری یاسای بودجە دەدرێتە سەرۆکایەتی پەرلەمان

964+

فەرمان سادق

دوای 39 دانیشتن و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان، لیژنەی دارایی سەرقاڵی نووسینەوەی دوا رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەیە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 14.5.2023، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق میوانداری وەزیری بەرگری عێراقی کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پشکی وەزارەتەکە لە پڕۆژە یاسای بودجەدا.

بەو دانیشتنەی ئەمڕۆ، لیژنەی دارایی لە 3.4.2023 تاوەکو ئەمڕۆ کە دەکاتە 41 رۆژ، 39 دانیشتنی لەگەڵ وەزیر و وەزارەتەکان و لایەنە پەیوەندارەکان ئەنجامداوە لەسەر رەشنووسی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانی 2023-2024-2025.

زۆرترین کۆبوونەوە و دانیشتنی لیژنەی دارایی لەم 41 رۆژەی رابردوودا لەگەڵ وەزیری دارایی بووە، رەنگە پێش نووسینەوەی دوا دەستکاری پڕۆژە یاسای بودجە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان، جارێکی دیکە لەگەڵ وەزیزی دارایی کۆببنەوە.

پڕۆژە یاسای بودجە، لە 17.3.2023 لەلایەن حکومەتەوە رەوانەی پەرلەمان کرا، تائێستا خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە، ئەوەی ماوەتەوە خوێندنەوەی سێیەم و دەنگدانە لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە.

خەلیل دۆسکی، پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی بە 964ـی وت، لیژنەی دارایی دانیشتنەکانی لەگەڵ وەزارەتەکان لەسەر پرسی بودجە کۆتایی پێهێناوە، مەگەر پێویست بکات کۆبوونەوەیەکی دیکە لەگەڵ وەزارەتی دارایی ئەنجام بدات.

دەشڵێت: 18ـی ئەم مانگە دوا رەشنووسی بودجە رەوانەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەین، ئیدی ئیشی سەرۆکایەتی پەرلەمانە بیخاتە کارنامەی کار.

لەسەر بودجە، هەر ئەمڕۆ شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان بۆ میدکان قسەی کردووە و دەڵێت، لەم هەفتەیە پەرلەمان دانیشتنێکی تایبەت بە دەنگدان بە بودجە ئەنجامدەدات.