“دەرمانە هاتووەکە بەشی دوو هەفتەیەک دەکات”

هونەر فارس – کەلار

وەجبەیەک دەرمان لە عێراقەوە گەیشتە گەرمیان و بەشی نزیکەی دوو هەفتەیەک دەکات بە وتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی کەلار.

دەرمانەکە تایبەت بە ڤایرۆسی هەوکردنی مێشکە و بە بڕیاری وەزیری تەندروستی عێراق، رەوانەی گەرمیان کراوە و ئەمڕۆ 14.5.2023 گەشتووەتە کۆگای گشتی تەندروستی گەرمیان و دواتر داخڵی نەخۆشخانەی قەڵا کرا.

حارس محەمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی قەڵا بە 964ی وت: دەرمانەکە بە دوو جار دەگات، ئەمڕۆ وەجبەی یەکەمی گەشت و ئەگەر هەیە لە هەفتەی داهاتودا ئەوەی کە ماوە بنێردرێت.

بڕیاری هەناردەکردنی دەرمان لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عێراقەوە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی هەوکردنی پەردەی مێشک لە هەرێمی کوردستان دێت و لە ئێستادا نەخۆشخانەی قەڵا لە قەزای کەلار کە تایبەت کراوە بەو نەخۆشیە، 32 توشبووی ڤایرۆسەکەی تیادا تۆمارکراوە و رۆژانە چارەسەر وەردەگرن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی