جەلال بەرزنجی دكتۆرای شانازی لە كەنەدا وەرگرت
+964
كوردستان ئەحمەد- هەولێر
زانكۆی ئەلبێرتای كەنەدا بڕوانامەی شانازی دەبەخشێتە نوسەر و شاعیری كورد جەلال بەرزنجی لەبەرئەوەی داهێنانی لە شیعر كردووە كە پێشتر ئەو بڕوانامەیە بە ماندێلا و دەلایلاما دراوە.
جەلال بەرزنجی لەبارەی وەرگرتنی بڕوانامەكەیەوە قسەی بۆ 964+ كرد، “ئەمڕۆ لەلایەن زانكۆی ئەلبێرتای كەنەداوە بڕوانامەی دكتۆرای فەخریم پێبەخشرا، خەڵاتەكە پێشكەشی گەلی كورد و هەر كەسێك دەكەم كە لەژیان كۆڵنادەن و بەرگری لە ئازادیی دەكەن”.
لە ئاهەنگی بەخشینی بڕوانامەی دکتۆراکەدا، سەرۆکی زانکۆی ئەلبێرتا و ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی کەنەدا و نوێنەری شا چارڵس لە رێورەسمەكەدا بەشداربوون.
“خەڵاتەکە پێشکەشی ئەوانە دەکەم كە سەرەڕای ناخۆشی و ئاستەنگەكان و بەربەستەکانی بەردەمیان کۆڵنادەن و لە كارەكانیان بەردەوامن بۆ باشتركردنی هەسارەكەمان لە رێگەی ئەدەب، هونەر و پێكەوە ژیان”، بەرزنجی وای وت.
بە قسەی خۆی بەهۆی داهێنان لە بواری شیعر، نووسین و کاری رۆژنامەگەری، مسوڕبوون لەسەر ئازادیی و بەرگریكردن لە ئازادی رادەربڕین و مافی مرۆڤ خەڵاتەکەی پێبەخشراوە.
“جەلال بەرزنجی کەسێکی زۆر رێزلێگیراوە بەهۆی کارە ناوازەکانی وەکو نوسەر و داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین، پێش ئەوەی لەگەڵ خێزانەکەی لە ساڵی ١٩٨٨ بچێتە کەنەدا، رووبەڕووی بەندکردن و دوورخستنەوە لە وڵات بووەتەوە”، زانكۆی ئەلبێرتا وەای نوسیوە.
زانكۆی ئەلبێرتای كەنەدی لە ریزبەندی زانكۆكانی جیهاندا ٦٨ەمین گەورەترین زانكۆی جیهانە و بڕوانامەی دکتۆرای شانازی بەرزترین بڕوانامەیە لەو زانکۆیە لە كەنەدا و لەلایەن دەستەی باڵای ئەنجومەنی راوێژكاری زانكۆكەوە دەبەخشرێتە كەسایەتیەكی گرنگ كە رۆڵی لە داهێناندا هەبووبێت.
جەلال بەرزنجی لە ساڵی ١٩٥٣ لە هەولێر لەدایکبووە و پێشتر لە هەرێمی کوردستان رۆژنامەنوس و راگەیەندكار و نوسەر بووە، خێزاندارە و چوار منداڵی هەیە و هاوڵاتی كەنەدایە.