پرۆژەی دووسایدی فیدراڵی کۆیە پێنج ساڵە پەکی کەوتووە

  964+

شلێر سەعید – کۆیە

پێنج ساڵ بەسەر دروستکردنی پرۆژەی دووسایدی  فیدراڵی تێپەریووە کەپێشتر ناوی (شەقامی مام جەلال) بوو تائێستا چاکنەکراوەتەوە و تەواو نەبووە.

نزیکەی ساڵێک دەبێت پرۆژەکە دراوە بەکۆمپانیایەک، بەڵام کارەکانی راگیراوە، تێکچونی ئەو رێگایەش گرفتی زۆری بۆ ناوچەکە و شۆفێران دروستکردووە.

محەمەد میرحاج، سەرۆکی شارەوانی کۆیە سەبارەت بەوەستانی پرۆژەکە و دەست پێکردنەوەی بە 964ی راگەیاند: پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی شەقامی دووسایدی فیدراڵی دراوە بە کۆمپانیایەک، بەڵام بەهۆی وەستانی رۆشتنی نەوت لە نێوان هەرێم و عێراق کێشەی مادییان بۆ دروست بووە و داوایان کرد کارەکەیان بۆ رابگرین.

وتیشی، لە ئێستادا کۆمپانیای جێبەجێکار بەڵێنی داوە دەستبەکار بکاتەوە و بەڵێنی ئەوەمان لێ وەرگرتوون بە شێوەکی جدی کاری تیادابکەن.

سەرۆکی شارەوانی ئەوەشی خستەڕوو، کە پێشتر دوو جار ئاگادارکردنەوەیان  داوەتە کۆمپانیا ئەوانیش ئەوکات داوای وەستانی کاریان کردووە بەهۆی کێشەی مادی.

سەرۆکی شارەوانی ئاماژەی بەوەشداوە، هەندێک کێشەی تەکنیکی و ئیداریش لە پرۆژەکەدا هەیە دەیانەوێت چارەی بکەن بە شێوەک لە بەرژەوەندی پرۆژەکە بێت، کێشەی سەرەکی بڕی پارەکەیە بۆیە ئەگەر حکومەت پارەکە دابین بکات بە پێی ئەو رێککەوتنەی کراوە کارەکانیش لای کۆمپانیا زووتر تەواو دەبێت.

رێگاکە درێژیەکەی نزیکەی حەوت کیلۆمەترە بە رێگایەکی ستراتیژی دادەنرێت بۆ کۆیە بەهۆی ئەوەی سەیارە و بارهەڵگری دەرەکی نایەنەوە ناو شار و رێگاکە  زۆر کورت دەکاتەوە بۆ شۆفێران.

پێداچوونەوە: توانا نەقی