سزای کوشتنی ورچ و پڵنگ کرایە 20 ملیۆن دینار

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

حکومەتی هەرێم رێنمایی نوێی بۆ پاراستنی ئاژەڵی کێوی دەرکرد و سزای قورستری لە دژی راوچی داناوە، بەمە دەیەوێت باشتر ژینگە بپارێزێت.

عەبدوڵرەزاق خەیلانی، وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم، ئەمڕۆ چوارشەممە بە 964ی راگەیاند، بەپێی رێنمایی ژمارە یەکی ساڵی 2023 کە لە وەقایعی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، هەر كەسێك پڵنگێك یان ورچێك بكوژێت، 20 ملیۆن دینار سزا دەدرێت.

سزای راوکردنی ئاسک و بزنەكێوی، 15 ملیۆن دینارە و پێنج ملیۆن دینار پێبژاردنیش بۆ کوشتنی پشیلەی کێوی دیاریکراوە.

لە بەشێكی تری سزاكاندا هاتووە، راوكردنی مراویی كێوی سزای یەك ملیۆن دینارە و راوی مریشكی كێوی 500 هەزار دینار، قازیش بكوژی، دوو ملیۆن دینار باجەكەیەتی.

رێنمایی و سزا نوێیەکان ئەمڕۆ چوارشەممە لەلایەن وەزارەتی داد بڵاوکراوەتەوە و رۆژنامەی وەقایعی کوردستان دایناوە.