“موعجیزەیە لە کاتی خۆیدا بگەن”

964+

هونەر فارس – گەرمیان

درەنگ گەیشتنی دکتۆرەکان بۆ سەر کارەکانیان لە نەخۆشخانەی شەهید خالید لە کفری بووەتە جێگەی نیگەرانی هاوڵاتیانی ئەو قەزایە، بە وتەی خۆیان.

شەماڵ رەئوف چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنیە لە کفری، بە 964+ی راگەیاند، “موعجیزەیە لە کاتی خۆیدا بگەن، من ئەمڕۆ پشکنینی چەوری خوێنم هەبوو، تا کاتژمێر ٩ چاوەڕێ بووم و هیچ دکتۆرێک نەهات بۆیە ناچار نەخۆشخانەکەم بەجێهێشت”.

ئەوەشی وت، کە هەفتەی رابردوو کەسێک لە خێزانەکەی پەنجەی بڕاوە، بەهۆی نەبوونی دکتۆرەوە بۆ دوورینەوەی پەنجەی بە ناچاری بردوویانەتە قەزای کەلار.

قەزای کفری سەر بە ئیدارەی گەرمیانە لە پارێزگای سلێمانی.

نەخۆشخانەی شەهید خالید لە ١٠ بەش پێکدێت و نۆ دکتۆری پسپۆڕ دەوامی تێدا دەکان، سێ پزیشکیان لە شاری سلێمانی و ئەوانی دیکە لە کەلارەوە دەچنە نەخۆشخانەکە، لە ئێستادا بەهۆی نەبوونی دکتۆری سڕکردنەوە بەشی نەشتەرگەری نەخۆشخانەکە راگیراوە.

هەر لەو بارەیەوە سامان سەرتیپ، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید خالید بۆ 964+ وتی، ئەوان گرفتی نەبوونی دکتۆری پسپۆڕیان هەیە لە شاری کفریدا، “سەرجەم دکتۆرەکانمان لە شاری کەلار یاخود سلێمانیەوە دێنە ئێرە، تا ئێستاش چەندین هەوڵمانداوە بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلی تایبەتیان بۆ دابین بکەین و دووچاری ئەو حاڵەتانە نەبینەوە، بەڵام لایەنی پەیوەندیدار موافەقەی لەسەر ناکات”.

دەشڵێت، دکتۆری پسپۆڕ رۆژانە لە نەخۆشخانەکاندا لە کاتژمێر ٩ بۆ ١٢ دادەنیشێت، ئەگەر لەکاتی خۆیدا نەگات کاتەکەی بۆ درێژدەکرێتەوە و هەر دەبێت سێ کاتژمێرەکەی خۆی تەواو بکات.

بەپێی ئامارەکان، کفری زیاتر لە ٤٠ هەزار دانیشتووی هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و پشتگوێخستنی قەزاکەوە، دکتۆری پسپۆڕ ئامادە نییە ماڵی لەوێ بێت، ئەمەش کێشەی بۆ نەخۆشخانەی شەهید خالید دروستکردووە و بە ناچاری زۆربەی نەخۆشەکان رەوانەی نەخۆشخانەی گشتی کەلار دەکرێن، لەوێش ئەگەر تەندروستی جێگیر نەبێت رەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی دەکرێت.