تەرزە و بروسکە ترسی خستووەتە دڵی جووتیارانەوە
+964
هونەر فارس- گەرمیان
لە گەرمیان هەورە بروسکە و لە دەربەندیخان تەرزە، زەرەری بە دانەوێڵەی جووتیاران گەیاندووە و تا ئێستا زەرەرەکان نەخەمڵێندراون.
لە گەرمیان وەرزی دروێنەی گەنم و جۆیە، لەم کاتەدا بارینی تەرزە و دروستبوونی ئاگر زیانی زۆر بە بەروبوومی کشتوکاڵی جووتیاران دەگەیەنن، تەنیا ئەمڕۆ 9.5.2023 لە گەرمیان چەند ئاگرێک کەوتوونەتەوە و تەرزەش بەر دانەوێڵەی جووتیارانی سنووری قەزای دەربەندیخان کەوتووە.
ئەرسەلان ئەحمەدی جووتیار، لە ترسی کەوتنەوەی ئاگر بەهۆی هەورە بروسکە و بارینی تەرزەوە، ئەمڕۆی بە دڵەڕاوکە تێپەڕاند.
ئەو جووتیارە زیانەکانی تەرزە لەم کاتەدا، بۆ وەرینی دانی گەنم و جۆ و کەوتنی دەگەڕێنێتەوە، ئەو بە 964یش وت: جگە لە زیانی تەرزە و هەورەبروسکە، بارانی ئەم کاتە دەبێتە هۆی تەڕبوونی لاستیکی دانەوێڵە و هەفتەیەک لە دروێنە دوای دەخات.
لە بارەی ئەو شەپۆلە تەرزە بەهێزەی ئێوارەی ئەمڕۆ 9.5.2023، کە سنووری قەزای دەربەندیخانی گرتەوە، 964 پەیوەندی بە ئەمجەد ئەسعەد بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دەربەندیخان کرد، ئەویش وتی: “تا ئێستا دیارنییە تەرزەکە بە تەواوی کوێی گرتووەتەوە، بۆیە زیانەکان نەزاندراون و لێکۆڵینەوە دەکەن.
تەنیا ئەمڕۆ لە سنووری گەرمیان بەهۆی هەورە بروسکەوە لانی کەم پێنج ئاگر کەوتووەوە و دوای زیانگەیاندنی کەم بە دانەوێڵەی جووتیاران، کۆنترۆڵ کراون، لە سنووری قەزای دەربەندیخانیشدا تەرزە بەشێک لە دانەوێڵەی جووتیارانی گرتووەتەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا