وەزیری ئاودەدانکردنەوە چی بە خۆپیشاندەرانی سماقوڵی وت؟
964+
توانا نەقی
ئەمڕۆ دووشەممە 8.5.2023 وەزیری ئاودانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێم سەردانی خۆپیشاندەرانی رێگای سماقڵی کرد و لەگەڵیان دانیشت بۆ گوێگرتن لە داواکارییەکانیان.
لە سەردانەکەی وەزیری ئاودەنکردنەوەدا لەگەڵ خۆپیشاندەران ئاماژەی بەوەکرد، خزمەتکردن بە ئەرکی خۆیان دەزانن، هاتنیشیان بۆ ئەو جێگەیە و گوێگرتن لە داواکارییەکانیان لەو سۆنگەیەوەیە.
دانا عەبدولکەریم، جەختی لەوەکردەوە ئەو داواکاریانەی پەیوەندی بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەوە هەیە جێبەجێی دەکەن، ئەوەشی پەیوەندی بە رێگاوبانەکانەوە هەیە کارکردن تیایدا بەردەوامە و هەمووی تەواو دەکەن، بۆ داواکارییەکانی تریشیان پشتیوانی تەواوی داواکارییەکانیان دەکەن و دەیگەیەنن.
لە بەرامبەردا نوێنەرانی خۆپیشاندەرەکان ژمارەیەک داواکارییان خستە بەردەم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و گلەیی و گازەندەیان پێ راگەیاند، لە ئەگەری ئاوڕنەدانەوە لە داواکارییەکانیان خۆپیشاندانەکانیان بەردەوامی پێدەدەن.
نزیکەی دوو هەفتەیە رێگاکانی سماقوڵی و رێگای کۆیە و رێگای دۆڵی بالیسان و ناوچەکانی هیران و نازەنین لەلایەن هاوڵاتیانی ئەو سنوورانەوە بەرووی بارهەڵگرەکاندا داخراوە.