تووشبوانی تالاسیمای دهۆک داوای نەخۆشخانەی تایبەت دەکەن

964+

عەمار عەزیز – دهۆک

لە سنوری پارێزگای دهۆک تەنیا یەک سەنتەری تایبەت بە وەرگرتنی خوێن و چارەسەری توشبووانی نەخۆشی تالاسیما هەیە، کەسوکاریان داوا دەکەن نەخۆشخانەیەکی تایبەتیان بۆ دروستبکرێت.

محێدین عەبدوڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی تالاسیمای دهۆک بە 964ی وت، هەزار و 200 تووشبووی تالاسیما لە سنوری پارێزگای دهۆک هەیە، لەو ژمارەیە 900 کەسیان دانیشتووی سەنتەری پارێزگای دهۆکن، ئەوانەی تر ئاوارەکانی شەنگال و دەورووبەرین و لە دهۆک دەژین، ئەوانەی دۆخیان باش نییە و رۆژانە پێویستیان بەخوێن و دەرمانە نزیکەی 300 کەس دەبن.

وتیشی، داواکاری سەرەکیمان ئەوەیە نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە توشبووانی تالاسیما لە دهۆک دروست بکرێت، چونکە لە ئێستادا تەنیا یەک سەنتەری تالاسیما لە دهۆک هەیە ئەوەش تەنیا بۆ وەرگرتنی خوێن و دەرمانە، دەمانەوێت نەشتەرگەری بۆ ئەو توشبووانه بکرێت کە رۆژانە پێویستیان بە دەرمان و وەرگرتنی خوێنە، لە وەڵاتی تورکیا و هندستان نەشتەرگەری دەکرێت، تا ئێستا نزیکەی 50 تووشبوو لە سنوری پارێزگای دهۆک لە دەرەوە نەشتەرگەرییان بۆ ئەنجامدراوە.

“ساڵانە نزیکەی 10 نەخۆشی تالاسیما لە سنوری پارێزگای دهۆک زیاد دەبن، ئەم رێژەیەش زۆر مەترسی نییە،ئەوەش زیاتر بۆ تێگەیشتنی خەڵک دەگەڕێتەوە، کە هەر لەگەڵ دەرکەوتنی نیشانەیەکی تالاسیما زوو سەرەدانی پزیشک دەکەن” محێدین عەبدوڵا وای وت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی