بۆچی وەرگێڕانی گوگڵ بۆ كوردی سۆرانی كێشەی هەیە؟
964+
كوردستان ئەحمەد
لە ساڵی 2022 ماڵپەڕی گوگڵ وەرگێڕانی سۆرانی زیادكرد، بەڵام وەرگێڕانەكە كێشەی هەیە، 964 بەدواداچونی بۆ كردووە و هۆكارەكەی ئاشكرا دەكات.
لەگەڵ زمانەكانی تردا، زمانی كوردی بە شێوازی كرمانجی و سۆرانی لە گوگڵ بەكارهێنەر دەتوانێت وەرگێڕان بكات.
یەكێك لە كێشە گەورەكانی بەشی سۆرانی گوگڵ ئەوەیە زمانەكە لە وشە و رستەكاندا كێشەی هەیە، وەرگێڕانەكە بەتەواوەتی ناكات.
بەشێك لە وشەكان واتای تری هەیە و بەشێك لە پەڕەگرافەكان بەتەواوەتی دروستناكات و خوێندنەوەی تەواوەتیش بۆ پەڕەگرافەكان بەباشی ناكات.
بۆكان جاف، خاوەنی پڕۆژەی وەرگێڕانی سۆرانی بۆ گوگڵ، بە تۆڕی 964ی وت، یەكێك لە كێشە گەورەكانی وەرگێڕانی كوردی لە گوگڵ ئەوەیە كە بەشێكی زۆر لەو رستانەی خراونەتە ناو ئەمباری وەرگێڕانی سایتەكەوە بە هەڵە دانراون، ئەوەش بووەتە هۆی سەرلێشوانی زمانەوانی لە سایتەكەدا.
بۆكان جاف دەڵێت، یەك ملیۆن و 350 هەزار داتا لە وشە و وەرگێڕان و رستە و زانیاری خستووەتە ناو ئەمباری بەشی وەرگێڕانی سایتەكەوە، كۆمپانیای گوگوڵیش خۆی ملیۆنان داتای وەرگرتووە كە ناراست و ناروونن و یاخود بەسەربەخۆ خراونەتە ناو گوگڵەوە.
بەپێی زانیاریەكانی بۆكان جاف، كە هاوبەشی وەرگێڕانی كوردییە لە گوگڵ، ئێستا زیاتر لە سێ مالیۆن داتا لە شێوەی رستە و وشە و پەڕەگراف لەناو ئەمباری وەرگێڕانی سایتەكەدا هەیە.
هەموو كەسێك دەتوانێت هەر وشەیەك كە دەیەوێت داغڵی ناو وەرگێڕانەكەی بكات، ئەمە هیچ پێوەرێكی نییە و كارەكە هیچ ئەكادیمی و زانستی نییە.
گوگڵ كار لەسەر راستكردنەوەی وشەكان دەكات، ئەگەر وشەیەك لە وەرگێڕانەكە گومانت لێی بێت هەڵیبژێریت و كلیكی لەسەر بكەیت، چەند هاوواتایەكی وشەكەت پێدەڵێت كە نزیكت دەكاتەوە لە وشە راستیەكە.
لە مانگی شوباتی ساڵی 2016 دا بۆ جاری یەکەم، زمانی کوردی زاراوەی کرمانجی بۆ خزمەتگوزارییەکە زیادکراوە
لە کۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە 5.11.2022 کۆمپانیای گوگڵ 24 زمانی نوێی بۆ خزمەتگوزاری وەرگێڕەکەی زیادکرد و لەنێوانیشیاندا یەکێک لەو زمانانە زمانی کوردی شێوەزاری سۆرانییە.
رۆژی 22.11.2022 ماڵپەڕی گوگڵ بە شێوەیەكی فەرمی وەرگێڕانی بەشی كوردی شێوازی سۆرانی چالاككرد.
لینكی وەرگێرانی سۆرانی لە گوگڵ
https://translate.google.com/?sl=en&tl=ckb&op=translate