بە هۆی بۆنی ناخۆشەوە

مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی داخرا

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

شارەوانیی سلێمانی مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی داخست، دەڵێت جێگەکەی شوێنی نیشتەجێبوونە و هاوڵاتیان بەردەوام بە هۆی بۆنی ناخۆشی مەیدانەکە سکاڵایان تۆمارکردووە.

زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە بە 964ی راگەیاند، بەمزووانە مەیدانێکی نوێ لە دەرەوەی ماستەرپلانی سلێمانی دروست دەکرێت و دەبێتە شوێنگرەوەی مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی.

“مەیدانەکە لە شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیاندا بوو، خەڵک سکاڵایان هەبوو لەبەر بۆنەکەی، بۆیە داخرا،” زەردەشت رەفیق وای وت.

مەیدانە نوێیەکە دەکەوێتە ناوچەی قەرەگۆل لە نزیک عەربەت، بڕیارە بە تەواوی خزمەتگوزارییەکانەوە دروست بکرێت.

بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، “داخستنی مەیدانی ئاژەڵان لە ناوچەی نیشتەجێبوون، گەورەترین خزمەتە بە تەندروستی ئێستا و ئاییندەی هاوڵاتیانی شاری سلێمانی، ئێستا مەیدانێکی نوێ بە شێوەیەکی مۆدێرن و بەپێی ستانداردە جیهانییەکان دروست دەکرێت و خزمەتگوزاری تەواوی بۆ دابین دەکرێت”.