لەناو نەخۆشخانەیه‌كی رانیه‌ ریکلام بۆ شیرێك دەکرێت

964+

مەجید بتوێنی  – رانیە

لەناو نەخۆشخانەی ژنان و منداڵبوونی رانیە، بەشێوه‌یه‌كى نهێنی و رێکخراو، ریکلام بۆ جۆرە شیرێکی قوتو دەکرێت بۆ پەیداکردنی بازاڕ.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناو کەرتی تەندروستی راپەرین بە 964ـی وت “چەند کارمەندێکی تەندروستی و کارمەندانی پاکكەرەوەی ناو نەخۆشخانەکە، راسپێردراون لەبەرامبەر بڕێک پارە ریکلام بۆ شیری قوتو بکەن، لە بنگوێی ئەو ژنانە بخوێنن کە تازە منداڵیان بووە و بەتایبەت ئەو ژنانەی شیری دایک نادەن بە منداڵەکانیان”.
ئەو سەرچاوەیە كه‌ ناو و ناونیشانى لاى 964 پارێزراوه‌، ئەوەشی ئاشکراد، پێشنیاری جۆرە شیرێکی قوتوی بۆ دایکان دەکڕێت، كه‌ لە دەرەوە بیکڕن یان بۆ دڵخۆشی دایکەکە مەمەیەکی شیر و قوتویەکی شیری پێشنیارکراو وەک دیاری بە دایکەکە دەدرێت.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی “ئەو جۆرە شیرە بازرگانیە و نرخەکەی گرانە لە بازاڕدا”.
964 لە ناو نەخۆشخانەی منداڵانی رانیە بەدواداچوونی بۆ ئەو بابەتە کرد گەیشتە ئەو راستییەی ئەم کارە لە ناو نەخۆشخانەکە کراوە.

محەمەد سابیر، بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی ژنان و منداڵبوونی رانیە، نه‌یشارده‌وه‌ كه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ناو نه‌خۆشخانه‌كه‌ى بوونى نه‌بێت، بە 964 یشی راگەیاند “دوای بیستنی ئەو بابەتە ئەو کارمەندانەی ئەم کارەیان کردووە دوای لێپرسینەوە، دواجار ئاگادارکراوەنەتەوە لە ئەگەری دووبارەکردنەوە، سزای یاسایی دەدرێن”.
وتیشی “پێشتر ئەو کارە کراوە، بەڵام ئێستا کۆنتڕۆڵکراوە، ریکلام بۆ شیری قوتو قەدەغەیەو پێچەوانەی بڕیار و رێنماییە تەندروستییەکانە”.
پێدنچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن