هه‌ڵه‌بجه‌ش پاكترینه‌

سلێمانى پیسترین پارێزگایه‌ و زۆرترین كێڵگه‌مینى لێیه‌

964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن

به‌ پێی ئامارێكی ده‌زگاى كاروبارى مین له‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌ ناو پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان، سلێمانى پیسترین پارێزگایه‌ كه‌ زۆرترین رووبه‌رى زه‌ویيه‌كه‌ى به‌ كێڵگه‌ى مین داپۆشراوه‌ و هه‌ڵه‌بجه‌ش پاكترینه‌.

ئه‌و ئاماره‌ى ده‌زگاى مین كه‌ تایبه‌ت بۆ 964، نێردراوه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌ پارێزگاى سلێمانى به‌ رووبه‌رى 88 كیلۆمه‌تر دووجا، زه‌وى پیسبووى به‌ مین و ته‌قه‌مه‌نى هه‌یه‌ و 23 كیلۆمه‌تر دووجاش رووبه‌رى ناوچه‌ى مه‌ترسیدارى هه‌یه‌.

هه‌ر به‌ پێى ئه‌و ئاماره‌، پارێزگاى هه‌ولێر به‌ رووبه‌رى 49 كیلۆمه‌تر دووجا و زه‌وى پیبسووى به‌ مین هه‌یه‌ و رووبه‌رى یه‌ك كیلۆمه‌تر دووجاش ناوچه‌ى مه‌ترسیدارى هه‌یه‌.

پارێزگاى دهۆك، رووبه‌رى 21 كیلۆمه‌تر دووجا زه‌وى پیسبوو و دوو كیلۆمه‌تریش ناوچه‌ى مه‌ترسیدارى هه‌یه‌.

ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى گه‌رمیان به‌ رووبه‌رى 13 كیلۆمه‌تر زه‌وى پیسبو،  رووبه‌رى 46 كلیۆمه‌تر دووجا ناوچه‌ى مه‌ترسیدارى هه‌یه‌.

پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ش به‌ رووبه‌رى 12 كیلۆمه‌تر دووجا و رووبه‌رى یه‌ك كیلۆمه‌تر دووجا ناوچه‌ى پیسبووى هه‌یه‌.

هه‌ر به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ى ده‌زگاى مینى هه‌رێم، پێنج قه‌زاى پیسبوو له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى كوردستان دیاریكراون، ئه‌وانیش بریتیین له‌ شارباژێر به‌ رووبه‌رى 37 كیلۆمه‌تر دووجا و پێنجوێن به‌ رووبه‌رى 26 كیلۆمه‌تر دووجا، سۆران به‌ رووبه‌رى 22 كیلۆمه‌تر دووجا و چۆمان 21 كیلۆمه‌تر دووجا، هەروەها قه‌زاى هه‌ڵه‌بجه‌ش به‌ رووبه‌رى 12 كیلۆمه‌تر دووجا.