وێنەی پارچە شوێنەوارەکان وا دەردەکەوێت لە سندوقی پلاستیکی دانراون
دوای 100 ساڵ لێکۆڵینەوە بەریتانیا چەند پارچەیەک شوێنەوار دەداتەوە عێراق
964+
فەهمی نەبی
وەزارەتی رۆشنبیریی عێراق رایگەیاند، دوای 100 ساڵ بە هەزاران پارچە شوێنەواریان لە بەریتانیا وەرگرتەوە.
رۆژی هەینی وەزارەتی رۆشنبیریی حکومەتی عێراق بڵاویکردەوە، وەزارەتەکەیان شەش هەزار پارچە شوێنەوارەی لە 38 سندقی پلاستیکی لە بەریتانیا وەرگرتووەتەوە، کە بۆ لێکۆڵینەوە ئەو پارچە شوێنەوارانە وەرگیرابوون.
بەریتانیا ئەو شەش هەزار پارچە شوێنەوارەی لە ساڵی 1923 لە عێراق وەرگرتبوو، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە، ئەمەش واتا 100 ساڵ بەسەر ئەو خواستنەدا تێپەڕدەبێت.
وەرگرتنەوەی پارچە شوێنەوارەکان بە ئامادەبوونی هەریەکە لە وەزیری رۆشنبیریی حکومەتی عێراق، بالیۆزی عێراق لە لەندەن و بەڕێوەبەری گشتیی مۆزەخانەکانی لەندەن بەڕێوەچوو.
بە پێی ئامارێکی وەزارەتی رۆشنبیریی حکومەتی عێراق، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بێجگە لەو شەش هەزار پارچە شوێنەوارە، عێراق 17 هەزار پارچە شوێنەواری دیکەی لە وڵاتانی جیاواز وەرگرتووەتەوە.