نۆ پرۆژەی ئاو لە سنووری ئاکرێ جێبەجێ دەکرێت
964+
زەید کۆچەر – ئاکرێ
نۆ پرۆژەی نوێ لە بواری ئاودا لە سنووری قەزای ئاکرێ رەزامەندی لەسەر دراوە و جێبەجێ دەکرێن.
بەشێکی زۆر لە ناحیە و گوندەکانی سەربە قەزای ئاکرێ کێشەی نەبوون یان کەمی ئاویان هەبووە و بەو پرۆژانە و لێدانی بیری ئیرتیوازی کێشەکانیان چارەسەردەکەن.
زرار ئەحمەد سلێمان، بەڕێوەبەری ئاوی ئاکرێ بە 964ی وت، ئەو پرۆژانە ژمارەیان نۆ پرۆژەیە و رەزامەندی لەسەر دراوە، لە هەریەک لە سەنتەری قەزای ئاکرێ و گەڕەکەکانی، ناحیەی گردەسێن، ناحیەی دینارتە، گوندی مەزرینگان، گوندی ئامادا ژێری، گوندی شۆش و گوندی گۆرانکا کچکە ئەنجام دەدرێن.
وتیشی، ئەم پرۆژانە بە شێوازێکی گەورە دەتوانێت کێشەی ئاو لە تەواوی قەزای ئاکرێ و گوند و ناحیەکانی چارەسەر بکات، سەرجەم پرۆژەکان گوژمەی 704 ملیون دیناری بۆ تەرخان کراوە، لەسەر بودجەی وەبەرهێنان لەسالی 2022 و لە ئایندەیەکی نزیکدا سەرجەم پرۆژەکان دەکەوێتە کار و جێبەجێ دەکرێن .
پرۆژەکانیش بریتین لە، هەڵکەندنی دووبیری ئاو لە گردەسێن، هەڵکەندنی بیرێکی نوێ لە گەڕەکی شەهیدان، هەڵکەندنی بیرێکی نوێ لە دینارتە، پرۆژەی ئاو لە گوندەکانی زرینکانێ، ئامادا، شۆش، گۆرانکا کچکە و پرۆژەی ئاوی گەڕەکی شۆڕش لە ئاکرێ و دابینکردنی دوو پەمپی ئاو بۆ یەکێک لە گەڕەکەکانی ئاکرێ
پێداچوونەوە: توانا نەقی