قوباد تاڵەبانی بەردەوامە لە بایکۆت
964+
هێمن بەکر – هەولێر
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، بەڵام قوباد تاڵەبانی بۆ سێیەم جارە لەسەریەک بەشداری ناکات، بە قسەی وتەبێژەکەی.
سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەشدارینەکردنی قوباد تاڵەبانی بۆ میدیای یەکێتی پشتڕاستکردووەتەوە.
964+ زیاتر لە جارێک پەیوەندی بە سەمیر هەورامی کرد، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.
ئەوە سێیەم کۆبوونەوەی لەسەریەکە قوباد تاڵەبانی بەشداری کۆبوونەوەکان ناکات، بەپێی زانیارییەکان گرفتی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران هەیە.
بە سۆراغی 964+، لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، ئەحمەد مستەفا، سەرۆکی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان، نوسراوێکی ئاراستەی دادگای رانیە کردووە، تێیدا هەریەک لە قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی بە تۆمەتبار لە کەیسی کوژرانی موراد کانی کوردەیی ناوبردووە.
موراد کانی کوردەیی فەرماندەیەکی پێشمەرگە بوو، لە رۆژی ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ لە رووداوێکی تەمومژاویدا کوژرا لەناو بازاڕی شاری رانیە.
“ئەو نوسراوەی دادگا سەرەتای نیگەرانییە قووڵەکانی قوباد تاڵەبانی بوو لە ئامادەنەبوونی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران”
هەروەها بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا باسی لەوە کرد، هێز براوەتە دەوروبەری ماڵی براکەی لە هەولێر.
ئەم رووداوەیان دوای کوژرانی هاوکار جاف بوو، فەرماندەکەی دژەتیرۆری کوردستان لە گەڕەکی سەربەستی شاری هەولێر، بەهۆی بۆمبی لکێندراو بە ئۆتۆمبێلەکەی.
گوایە ئەوەی هێزی بردووەتە نزیک ماڵی قوباد تاڵەبانی، ئەژی ئەمین بووە، کە چەند مانگێکە لە هەولێرە و خۆی وەکو سەرۆکی دەزگای زانیاریی/زانیاریی دەناسێنێت، بەڵام بەرپرسانی یەکێتی رەتیدەکەنەوە ئەو پەیوەندی بەو دەزگایەوە مابێت.
نیگەرانییەکەی قوباد تاڵەبانی لە مەسرور بارزانی لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، کە پێیوایە، “جوڵە بە هیچ هێزێک ناکرێت بە بێ پرسی مەسرور بارزانی لە هەولێر”.
بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران، وەزیری خوێندنی باڵا، رۆشنبیری، پلاندانان و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران بەشداردەبن، کە ئەمانە لەسەر پشکی یەکێتی ئەو پۆستانەیان وەرگرتووە.
یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئهنجومهنی وهزیران “تاوتوێکردنی پێشێلكارییە بهردهوامەکانی سهروهریی خاکی عێراق و ههرێمی كوردستانە”، بەگوێرەی راگەیەندراوی حکومەت.
پێشتر، میدیای یەکێتی لە زاری قوباد تاڵەبانییەوە بڵاویکردبووەوە، “تاوەکو نیگەرانییەكان نەڕەوێندرێنەوە بەشداریی دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیران ناكەین.”