له‌ شه‌ممه‌وه‌ رۆژانه‌ ئاو به‌ هاوبه‌شانى ناحیه‌ى رزگاری ده‌درێت

 964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

فه‌رمانگه‌ى ئاوى ناحیه‌ى رزگارى سه‌ر به‌ ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى گه‌رمیان ده‌ڵێت، كێشه‌ى ئاو به‌ره‌و چاره‌سه‌ركردن ده‌چێت و له‌ رۆژى شه‌ممه‌شه‌وه‌ رۆژانه‌ ئاو به‌ هاوبه‌شه‌كانیان ده‌ده‌ن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 4.5.2023 ئه‌م فه‌رمانگه‌یه‌ لەگەڵ ئیشپێکار (مشغل)ـی سەرجەم بیرەکانی سنووره‌كه‌یان كۆبووه‌وه‌ و سەبارەت به‌ پێدانی ئاو بە ماڵان لە وەرزی هاویندا بڕیاری نوێی ده‌ركرد.

یه‌كێك له‌و بڕیارانه‌ش، لە رۆژی شەممەى داهاتووه‌وە 6.5.2023 پێدانی ئاوی ماڵان بەشێوه‌ى رۆژانه‌ ده‌بێت .

داواش له‌ خاوەن ئاژەڵەکان كراوه‌، بەهیچ شێوەیەک داوای ئاویان لێ نەکەن و ئیشپێکاری بیرەکان بێزار نەکەن بۆ پێدانی ئاو، چونکە ده‌ڵێت “ئاو بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ نادەین و ئەوەی هەیە تەنها بۆ ماڵانه‌”.

داواش له‌ هاوڵاتیانی ناحیيەكه‌ ده‌كات، هاوکاریان بن و دەست بە ئاوەوە بگرن و بەبێ هۆ بەفیڕۆی نەدەن، چونکە ساڵ لە دوای ساڵ بەهۆی وشکەساڵییەوە ئاستی ئاوی ژێرزەوی دادەبەزێت.