چوار کەس بەرکەوتبوون

سێیەم برینداری تەقینەوەکەی ناوچەی پیشەسازی کەلار گیانی لەدەستدا

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

یەکێکی تر لە بریندارانی تەقەینەوەکەی 24ی مانگی نیسانی رابردووی ناوچەی پیشەسازی کەلار گیانی لەدەستدا. لەو چوار کەسەی بەرکەوتبوون تەنیا یەکێکیان ماوەتەوە.

تەقینەوەکە بەهۆی لەحیمکردنی تانکی گازی ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر رووی دا و ئەوکات چوار کەس بریندار بوون.

ئەو کەسەی ئەمڕۆ گیانی لەدەستداوە ناوی عەلی تاڵیبە و 35 ساڵە و شۆفێری تانکەرەکە بووە. کەسوکارەکەی گواستوویانەتەوە نەخۆشخانەی ئەهلی و لەوێ گیانی لەدەستداوە.

ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی سوتاوی سلێمانی بە تۆڕی 964ى وت، “بریندارەکان کەسیان لە نەخۆشخانەی سوتاوییەکەی سلێمانی گیانیان لەدەست نەداوە، ئەوەی تریشیان کە لە ژیاندایە لە ماڵەوەیە و لە نەخۆشخانە نەماوە”.

دوێنێ چوارشەممە 3.4.2023 محەمەد علەی تەمەن ٢٨ ساڵ، کە شاگردی دوکانەکە بووە گیانی لەدەستدا و رۆژی رووداوەکەش راستەوخۆ یەکێکیان گیانی لەدەستداوە.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد